بە ئامادەبوونی رێزدار ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و لە ژێر چاودێریی رێزدار چیاڤان نێچیرڤان بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)، رێککەوتی 22\9\2023 لە یاریگای گوندی بارزان لە مێرگەسۆر، لە رێوڕەسمێكدا دەستپێکردنی خولی “پاڵەوانێتی هیوا”ی بۆ یاریی تۆپی پێی بچووككراو راگەیاند.
لە دەستپێكی كرانەوەی خولەكەدا، رێزدار موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان ئاماژەی بەوە كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە بایەخی بە پەروەردە و قوتابیان داوە، ئەوەشی خستە روو كە ساڵی پار 203 ناوەندی خوێندن نۆژەن كراوەنەتەوە و ئەمساڵیش(2023) لەسەر داخوازیی وەزارەتی پەروەردە، بە مەبەستی نەهێشتنی سێ دەوامی لە قوتابخانەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و بە هاوكاریی سەرمایەدارانی كوردستان و ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 135 ژووریان بۆ قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە. هەروەها 25،000 جانتا و سێتی پەڕاوگە بۆ قوتابیان دابین كراوە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا، تیشكی خستەر هاریكارییەكانی دەزگا بۆ منداڵانی ئازیز(بێ باوك) و بەتاییەتی منداڵانی شەهیدانی سەربڵند، كە بە پشتیوانیی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاریكاریی خێرخوازانی ناوخۆ و بیانی، هاوكاریی نەختێنە و جۆراوجۆر بۆ زیاتر لە 20،000 منداڵی ئازیز دابین كراوە، هەر هەمووشیان قوتابین و بە مەرجێك لەو هاوكارییانە سوودمەند دەبن، كە لە خوێندن بەردەوام بن. ئەوەشی بە گەورەترین پرۆژە ناو برد. باسی ئەوەشی كرد، بە بڕی تێچووی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار، یەكەی نیشتەجێبوونیان بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دروست كردووە. گوتیشی: “جێی دڵخۆشییە و ئێمە سەرفرازین كە لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی(بابۆ) گرنگییەكی زۆر بە دەڤەری بارزان دراوە و هەر چیشی بۆ بكرێت، هێشتا كەمە. مادام ئێمەش كاروانی ئەو رێبازەین و بەتایبەتیش كە ئاخافتنێكی بارزانیی نەمرمان كردووەتە دروشمی كارمان كە فەرموویەتی: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت”، لەو خزمەتكارییە بەردەوام دەبین.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەو پەیامەشی ئاراستەی وەرزشوانانی بەشداربووی خولەكە كرد، كە بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەكە دەرفەتێكە بۆ رێزگرتنی یەكدی و برایەتی و بەرەوپێشچوونی وەرزش لە دەڤەرەكە و هەموو كوردستان، داواشی لە قوتابیان كرد، باشتر بخوێنن و باشتر خۆ پەروەردە بكەن، بەتایبەتی لە بواری وەرزشدا، گوتیشی: “عەقڵی سالم لە لەشی سالم و لەشی سالمیش بە وەزرش پێش دەكەوێت. ئەوانەش هەموو ئامۆژگاریی بەردەوامی هێژا چیاڤان نێچیرڤان ئیدریس بارزانی بوون. كە خولی باش و جۆراوجۆر بۆ گەنجان بكرێنەوە. هەڤاڵانی ئێمەش هەوڵیان داوە، ناوبژیوانەكان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بن”.
دواتر رێزدار چیاڤان نێچیرڤان بارزانی، وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیشكی خستە سەر كاریگەرییە ئەرێنییەكانی وەرزش و گوتی: “بەم چالاكییە دەمانەوێت خزمەتی لاوان و وەرزش بكەین، پشتیوان و هاوكار بین بۆ سەرخستنی زیاتری وەرزش لەم ناوچەیە، ئێمەی لاوان هێز و ئومێدی ئێستا و داهاتووی كوردستانین. وەرزش فێرمان دەكات، نە دۆڕاندن، نە سەركەوتن كۆتایی نین، بەڵكو هەموو سەركەوتنێك لەسەر هەوڵ و كۆششی خۆمان وەستاوە”. هیواشی خواست، بەردەوام چالاكیی وەرزشی لێرە و لە هەموو ناوچەكانی كوردستان ببینن، گوتیشی: “هیوادارم ئێمەش بتوانین هاوكار بین بۆ پشتگیری لە وەرزش و وەرزشكاران و وەرزشدۆستان و هەموومان پێكەوە بتوانین خزمەتی وڵاتەكەمان بكەین”.
لەسەر راسپاردەی رێزدار چیاڤان نێچیرڤان بارزانی بە هاوكاری و پاڵپشتیی دەزگای خیرخوازیی بارزانی، بە مەبەستی پاڵشتیكردنی چینی قوتابیان و لاوان لە سنووری پەروردەی میرگەسۆر و بە ئامانجی دروستكردنی رۆحییەتی پێشبڕكێ و رەخساندنی هەل بۆ قوتابیانی بەهرەمەند، خولی پاڵەوانێتی هیوا دەستی پێكرد، كە ماوەی یەك مانگ دەخایەنێت. شێوازی دەركردنی تیپ بە دوو دۆڕان دەبێت، سنوورەكەش كراوە بە دوو بەش(بازنەی گۆڕەتوو و بازنەی بارزان) سەرجەم كەلوپەل و پێداویستیی خولەكە و گواستنەوەش بۆ بەشداربووان دابین كراوە .
یارییەكان لە لە كاتژمێر 5ی ئێوارەی رۆژانی(پێنج شەم، هەینی و شەممە) بەڕێوەدەچن.

















