بەڕێز ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین، داتا و چۆنێتی و چەنداتیەتیی گەیاندنی خزمەتگوزاری و هاریكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) لە سنووری عەفرین دەخاتەڕوو.
بەڕێز ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین، رۆژی 26ی2ی2024 سەبارەت بە چۆنێتی و چەنداتیەتیی هاریكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) لە سنووری عەفرین رایگەیاند:
دوای بوومەلەرزەكانی شوباتی 2023 و كردنەوەی نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕێگەی ئەم نووسینگەیەوە بەردەوام هاوكاریی جۆراوجۆر بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گەیەندراوە، هاوكارییەكانیش خۆراكی و ناخۆراكی و تەندروستی و كردنەوەی خولی ڕۆشنبیری و پیشەیی لەخۆ دەگرێت.
بەڕێز ڕەواج حاجی ئەوەشی خستەڕوو كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین ڕێکخراوی جیهانی بوو، ھاوکاری بە شاری عەفرین گەیاند. جگە لە فریاكەوتن و خزمەتگوزاری بۆ زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزەكان و پێشكەشكردنی خواردەمەنی و ژەمە خۆراكی گەرم،1200 خێوەتیان بهسهر ئهو خێزانانه دابهش كرد كه خانووهكانیان ڕووخابوون و بێ لانه ببوون. تا ئێستاش خزمەتگوزارییەكان بەردەوامن”. گوتیشی: “بایەخێكی زۆرمان بە خولەكانی پیشەیی و پەروەردەیی و خزمەتكردنی خاوەن پێداویستییانی تایبەت و منداڵانی ئازیز (بێباوك) داوە. ئەولەوییەتمان بە منداڵانی ئازیز داوە كە باوكیان بووەتە قوربانیی بوومەلەرزە و ناویان لە پڕۆژەی ئازیزان و بێهاوژینان تۆمار دەكەین، بۆ ئەوەی مانگانە هاوكاریی نەختینەیان بەسەردا دابەش بكرێت، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییە و ناتوانن كار بكەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە ڕۆژئاوای كوردستان، جگە لە عەفرین لە چەند ناوچە و دەڤەری دیكە چالاكیتان هەبووە و كۆی هاریكارییەكان لە ڕووی چەندێتی و چەندایەتی چۆن بووە؟ گوتی: “دهزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە ڕۆژی ڕوودوای كارەساتباری بوومەلەزەكان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا و سووریا ڕۆژی 6\2\2023، تیمەكانی فریاكەوتنی خۆی خستە ئامادەباشی و بە خێرایی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەكانی كردن. دوای گەیشتنی تیمەكانی فریاكەوتن و خزمەتگوزاریی دەزگای كارهسات و دۆخه له ناكاوهكان له توركیا(ئافاد)، ئاسانكاری بۆ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بۆ ئەوەی بەهانای قوربانییانی بوومەلەرزەكانی ڕۆژئاوای كوردستانیشەوە بچن و لەوێش بتوانن زیاتر ھاوکاری بە لێقەوماوان بگەیێنن و لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و خزمەتکردن بەردەوام بن. له 97 ناوچهی جیاوازی عەفرین و ناحیە و گوندەكانیشی خزمەتگوزاری و هاریكارییەكانمان لە چەندین سێكتەر بەردەوام بووە”.
بەرپرسی دۆسیەی عەفرینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو كە پڕۆژهی (سهنتهری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پهرهپێدان)، بە پاڵپشتیی ڕێكخراوی (كاریتاسی شاری ئێسن) له 1/7/2023 له عهفرین كرایهو. بۆ پڕۆژەكەش بۆ ماوهی یهك ساڵ بری 145،800دۆلار دابین كراوه. تا ئێستا 151مندال و ئافرهت و لاو له 13 ڕاهێنان بهشدارییان كردووه، ههروهها 21 چالاكیی جۆراوجۆر پێشكهش كراون. لەو سەنتەرە گرینگییەكی زۆر بە كردنەوەی خولەكان بۆ قوتابیان و منداڵان و ئافرەتان دراوە، لەوانە خولی بەهێزكردنی وانەكان و زمانی بیانی، خولەكانی مۆسیقا و وێنەكێشان، خولی دروومان بۆ خانمان و خولی پیشەیی بۆ گەنجان وەك چاككردنەوەی مۆبایل، سەرتاشین و بەستنی كارەبا و… هتد”.
سەبارەت بە پێشوازیی خەڵك لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پەیوەندییەكانیان لە عەفرین و ئاستی هاوكاریی و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرانی ئەنجومەن و دامودەزگای حكوومی لە عەفرین لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “تا ئێستا هیچ بەربەست و كێشەیەك لە بەردەم كار و چالاكی و پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین دروست نەبووە. دامودەزگای فەرمیییەكان لە عەفرین نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم كارەكانمان و پاڵپشتییەكی تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزاری و چالاكییەكانمان دەكەن. خەڵكیش بە گشتی زۆر دڵخۆشن و هەمیشە بە گەرمی پێشوازییان لێكردووین.
بەڕێز ڕەواج حاجی بەمجۆرە بەشێك لە كارنامە و ئاماری كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری عەفرین خستەڕوو: “له ماوهی سێ مانگی باری لهناكاو لهسهر چوار سێكتهری خزمهتگوزاری له 97 ناوچهی جیاواز، لە هاوكاریی خۆراكی 13،429، لە ناخۆراكی 9،347 و لە سێكتەری پەناگه 1،600 خێزان سوودمهند بوون. لە بواری تەندروستییش تەنیا له ماوهی 45 ڕۆژ تیمی نهخۆشخانهی گهڕۆك خزمهتگوزاریی تهندروستییان پێشكهشی 8،776 كهس كرد، كه پێكهاتبوون له(دهرمان، پشكنین، برینپێچی) هەروەها سێ بارههڵگر دهرمان و پێداویستیی تهندروستی پێشكهش كراون. پێنج ئامبۆلانس وهك(نۆرینگهی گهڕۆك) كاریان كردووە و 15 كارمهندی تهندروستی خزمهتگوزارییان پێشكهش كردووە. جگە لەوانەی كە ئاژەمان بۆ كرد، لە عەفرین لە زۆر سێكتەر كار كراون، بۆ نموونە ڕۆژی 13/3/2023 به فهرمی نانهواخانهی عهفرین كرایهوه كە 3900 خێزان بۆ ماوهی دوو مانگ نانیان بەبێ پارە پێ دراوە. تیمەكانی دەزگای خێرخوازيی بارزانى ڕۆژی 16ی3ی2023 ههڵمهتى خاوێنكردنهوهى ناو شارى عهفرينیان ئەنجامدا. هاوكات 35 نهمامى داريان به يادى 35ـهمين ساڵوهگهڕى كيميابارانى ههڵهبجه چاند. ڕۆژی 18ی4ی2023 لە عەفرین، خوانێکی بەربانگیان بۆ 300 ژینگەپارێزی شارەکە ڕێکخست. چالاکییەکە بۆ ڕێزگرتن بوو لە کاری ژینگە پارێزەکان و لە کۆتاییش خەڵاتی تایبەتیان پێ درا.
(سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پەرەپێدان) لە عەفرین بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەروەردە، ڕۆژی 24\1\2024، چەندین چالاكیی جۆراوجۆری ئەنجام دا، كە پێكهاتبوون لە كردنەوەی پیشانگایەكی وێنەكێشان و كاری دەستی بۆ هونەرمەندانی عەفرین و هەڵپەڕكێی فولكلۆری و دابەشكردنی بڕوانامە بەسەر دەرچووانی خولە پیشەییەكان و یەكەمەكانی بەكەلۆریا. لەم ڕێوڕەسمەدا بڕوانامە بە سەر 140 بەشداربووی خولەكاندا دابەش كرا. واتە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوو 13 ڕاهێنان لە خولەكانی كۆمپیۆتەر، دروومان، چاككردنەوەی مۆبایل و فێربوونی زمان و چەند سێكتەری دیكە ئەنجام دراون. هەر لەو ماوەیەشدا قوتابییە یەكەمەكانی بەكالۆریا دیارییان پێشكەش كراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانى به هاوكاريى ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانی (THW) و بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان(JCC)، ڕۆژی 23ی1ی2024 هاوكاریی لۆجستی بۆ شارەوانییەكانی عەفرین دابین كرد.
هاوكارییەكان بریتی بوون لە حەفارەیەك و پێداویستییەكانی و هەروەها كەلوپەلی پێداویستیی ڕۆژانەی فەرمانبەران و كرێكارانی خزمەتگوزاری بۆ خزمەتكردنی دەڤەرەكە. ئەم هاوكارییانە گرینگییەكی زۆری هەیە بۆ دانیشتووانی شارەكە و دووبارە بووژانەوەی ژیانیان، بەتایبەتی لە دوای بوومەلەرزەكانی ساڵی ڕابردوو كە تووشی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بوون.
بەڕێز ڕەواج حاجی، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین، لە بەشی كۆتایی هەڤیەڤینەكەدا گوتی: “ئەو هاوكارییانەی پێشكەش بە شاری عەفرین و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری دەكرێت، لە ڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەكانی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان دابین دەكرێن و هەوڵ دەدرێت زۆرترین كەس لەم هاوكارییانە سوودمەند بن”.