ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى خه‌ڵاتى رێزلێنان پيشكه‌شى به‌شداربووانى پڕۆژە‌ی “توێژينه‌وه‌ى ناوازه” ده‌كات

رۆژى 28ى 2ى 2024 له‌ ئۆفيسى سه‌ره‌كيى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى له‌ شارى هه‌ولێر، خه‌ڵاتى رێزلێنان پێشكه‌شى به‌شداربووانى پڕۆژە‌ی “توێژينه‌وه‌ى ناوازه” كرا.
له‌ گوته‌يه‌كدا به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، پڕۆژه‌كه‌ى به‌رز نرخاند و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش‌ كرد، له‌ داهاتوودا‌ چاويان له‌ كارى پێكه‌وه‌يى زياتره له‌گه‌ڵ زانكۆی لوبنانی فەرەنسی‌، به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانی زانست و په‌روه‌رده‌.
سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، له‌ درێژه‌ى گوته‌كه‌یدا، جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگيى‌ كارى پێكه‌وه‌يى‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ ئه‌كاديمییه‌كان كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌ى كه‌ پێويستيان به‌ هه‌وڵى هاوبه‌ش هه‌يه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ بوارى زانستى ئه‌و كه‌لێن و كه‌موكووڕييانه‌ى هه‌ن، پڕ بكرێنه‌وه‌.
له‌لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز پڕۆفيسۆر ئەمین ککشار، سەرۆكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، سوپاسى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى كرد، كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵيان داوه‌، خزمه‌تى زانست و په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و سوورن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ پراكتيكييانه‌ى كه‌ ئاستى زانستى له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ره‌وپێش ده‌بات.
سەرۆكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، ئه‌وه‌شى دووپات كرده‌وه‌ زانكۆكه‌یان ئاماده‌يى ئه‌وه‌ى تێدايه،‌ كارى زياتر له‌ بوارى توێژينه‌وه‌ى زانستى به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى ئه‌نجام بده‌ن.
به‌ڕێز كارزان نوورى، به‌رپرسى پلاندانانى پڕۆژه‌كانى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، كه‌ له‌ پلانى ستراتيژيى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، توێژينه‌وه‌ى زانستى يه‌كێك ده‌بێت له‌ بابه‌ته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كان بۆ داهاتوو، ئه‌وه‌ش پڕۆژە‌يه‌كه‌ كه‌ چه‌ند توێژه‌رى به‌ڕێز، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و ئاريشه‌ى ناو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌ستنيشان بكه‌ن، كه‌ به‌ دڵنياييه‌وه‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى هه‌وڵ ده‌دات، ئه‌و توێژينه‌وانه و ده‌ره‌نجامه‌كانى‌، له‌ چوارچێوه‌ى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك بنيات بنێته‌وه‌.
جه‌ختى له‌وش كرده‌وه‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، هه‌ميشه‌ هه‌وڵ ده‌دات، رێكارى زانستى بۆ چاره‌سه‌رى هه‌ر ئاريشه‌ و گرفتێكى مرۆيى بدۆزێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هاريكاريى مرۆيى و مرۆڤايه‌تى بێت.
رۆژى 5ی 2ی 2024، لە هۆڵی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی لە شاری هەولێر، رێوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامەكانى پڕۆژە‌ی “توێژينه‌وه‌ى ناوازه”، بە ئامادەبوونی بەڕێز ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێز پ. د. ئەمین ککشار، سەرۆكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی بەڕێوەچوو.
لەو كێبڕكێيه‌ 26 توێژینەوەی زانستی لەلایەن لێژنەیەكی پسپۆڕەوە هەڵسەنگاندنی زانستییان بۆ كرا، لێژنەی هەڵسەنگاندنیش لەلایەن بەڕێز پ. د. كاوە شێروانییەوە سەرۆكایەتی دەكرا.
لە ئەنجامی كۆتایی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەكان، سێ توێژینەوەی زانستی بە براوەی كێبڕكێكە هەڵبژێردران، كە دوو لە توێژینەوەكان بە هاوبەشی و توێژینەوەیەكیش لەلایەن یەك توێژەرەوە بە تەنیا ئەنجام درابوو.
براوەكانی كێبڕكێی توێژینەوەی ناوازە و بوارى توێژينه‌وه‌كه‌يان بريتى بوون له‌:
کاریگەریی گەشەکردن و گەشەپێدانی شارنشینی لەسەر کوالێتیی ئاوی ژێر زەوی (بەسام زوهێر).
(ڕۆڵی پەروەردە لە چاکسازیی تاوانباران: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر دۆخی پەروەردەیی لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان) بە هاوبەشی توێژەران سۆران غازی، و عەدنان شوان ئەنجام درابوو.
(گێچه‌ڵی سێکسی و بەرهەمهێنان لە ژینگەی کارکردن و فێربوون لە شاری هەولێر) بە هاوبەشی لەلایەن توێژەران ئیرەم ئەمجەد، مێره‌م سالین و ئالا پێشەنگ، كە مامۆستای زانكۆی لوبنانی فەرەنسین، ئەنجام درابوو.
رۆژی 4ی 9ی 2023، پرۆژەی كێبڕكێی توێژینەوەی زانستی لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و زانكۆی لوبنانی فەرەنسی راگەیەندرا، بە گوێرەی پلانی پرۆژەكە، توێژینەوەكان لە بواری (زانستەكانی مرۆیی، تەندروستی، ئابووری، تەکنەلۆژیا، کارگێڕی و ژینگەیی) دەیانتوانی بەشداری كێبڕكێكە بكەن.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest