سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، به مهبهستى گەیاندنی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوی شارەكە سهردانی پارێزگاری دهۆك دەكات.
لە درێژەی بەهاناوەچوونی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوی شاری دهۆك، رۆژى 26ی 3ی 2024 بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و شاندێكی بانكی FIB سەردانی پارێزگای دهۆكیان كرد و لە لایەن بەڕێز عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك پێشوازیيەكی گەرمیان لێكرا.
لە دانیشتنێكدا لە نێوانیاندا باس لە دوایین كارەساتی لافاوی شاری دهۆك و ئەو هاوكاريیانە كرا، كه لە لایەنە جیاوازەكانهوه پێشكەش به زیانلێكەوتووان كران. سهرۆكى دەزگای خێرخوازیی بارزانی رايگهياند، دەزگای خێرخوازیی بارزانی له هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووانی لافاوی دهۆك بهردهوام دهبێـت. لهلاى خۆيهوه پارێزگاری دهۆك، سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بانكی FIB كرد، بەرانبەر ئەو هەوڵ و كۆششە بەردەوامەی بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووانی لافاوی دهۆك له ئهستۆيان گرت.
دوای بەرزبوونەوەی ئاوی باران و ڕوودانی لافاو لە شاری دهۆك، دەیان خانوو و ئۆتۆمبێل زەرەرمەند بوون و بهداخهوه سێ هاووڵاتى گيانيان لهدهست دا. هاوكات تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بە زووترین كات له شوێنی روودانی كارەساتەكە ئامادهبوون و لە چەندين بوارهوه هاوكاريیان پێشكەش بە لێقەوماوان كرد.

