بەڕێزان پارێزگاری هەولێر و سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێشوازیكردنی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حوسێن و ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان بەرز دەنرخێنن.
لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و نەسروڵا ڕەشنوودی سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ههولێر، لە ڕێكەوتی 20/8/2024 تایبەت بە هاتنی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حوسێن لە هەولێر ئەنجام درا، ئاماژە بە ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا بەرانبەر بە پێشوازیكردن و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆ زیارەتكاران و دابینكردنی خواردن بۆیان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان بەرز نرخاند.
سەرەتا بەڕێز نەسروڵا ڕەشنوودی سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكاران، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سوپاس و پێزانینی بۆ حكومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیەكانی گواستنەوە و تەندروستی بۆ ئاسانكاری و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دربڕی. هاوكات گوتی: “من لە هێنانی ناوی هەموو لایەنەكان كە بۆ سأڵی سێیەم لە هەرێمی كوردستان خزمەتی زیارەتكارانی چلەی ئیمام حسێن (سڵاوی لێ بێت) دەكەن، خۆم دەبوێرم، ڕەنگە ناوی هەموویانم لە بیر نەبێت، بەڵام ئەو ئەرك و خزمەتگوزارییەانی كە ئەو لایەنە ئازیزانە و بەتایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەستۆیان گرتووە، جێگەی سپاس و پێزانینە و هیوادارین بۆ ساڵانی داهاتووش بتوانن ئەم كارە خێرە بە شێوەیەكی باش جێبەجێ بكەن”.
سهركونسووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە لە ڕێكەوتی 8\8\2024 تا 20\8\2024 زیاتر لە 75 هەزار زیارەتكار لە سنووری جاجی ئۆمەران هاتوونەتە هەولێر كە ژمارەیەكی بەرچاوە و لە چەند ڕۆژی داهاتووش ژمارەكە زۆر زیاتر دەكات. مزگێنیی ئەوەشی بە زیارەتكاران دا، كە پاسەكانی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری زیارەتكارانن لە نزیكی كەربەلا شوێنێكیان بۆ دەستنیشان كراوە، بۆ ئەوەی زیارەتكاران لە كاتی گەڕانەوە تووشی سەرگەردانی نەبن.
دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، باسی ئەوەی كرد، كە بۆ ساڵی سێهەمە كە زیارەتكاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە دێنە هەولێری پایتەخت و لە دوو ساڵی ڕابردوو ئەزموونی باش وەر گیراوە، ئەمساڵ بە شێوەیەكی زۆر باشتر خزمەتی ئەو زیارەتكارانە دەكرێت كە لە هەولێرەوە سەردانی شارە پیرۆزەكانی عێراق دەكەن. هاوكات گوتی: “ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر هەموو ئاستەكان، بەتایبەتی لە ژێر ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی كە هەر لە یەكەم ڕۆژەوە فەرمانی كردووە، چی پێویستە ئاسانكاری پێشكەشی زیارەتكارانی خۆشەویست بكرێت. هەروەها جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكومەت بە بەردەوامی ستایشی ئەو كارەیان كردووە و هەموو لایەكیان ڕاسپاردووە، ئیدارە، دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس، خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی و هەموو لایەنەكانی دیكە خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەش بكەن. هەروەها بەڕێز وەزیری ناوخۆ بە بەردەوامی چاودێریی پرۆسەكە دەكات”.
پارێزگاری هەولێر لە بەشی كۆتایی گوتارەكەیدا گوتی: “سوپاس بۆ خوای گەورە هیچ گرفتێك نەهاتووەتە پێش و لێرەوە دەستخۆشی لە هەموو ئەو تیمانەی حكومەت دەكەم، هەروەها زۆر زۆر سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی قەیرانەكان ئاسانكاری پێشكەش بەو خۆشەویستانە دەكەن”.