دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆمەڵگەی دایک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكاته‌وه‌

بە فەرمانی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، کۆمەڵگەی دایک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی و بە كوالێتییەكی زۆر بەرز لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی دروست كرا‌ و به‌ فه‌رمى كرايه‌وه‌.

له‌ ڕێوڕه‌سمێكى تايبه‌ت و به‌ ئاماده‌بوونى ڕێزداران سيداد بارزانى(نوێنه‌رى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى)، مه‌لا مسته‌فا بارزانى، موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزان، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌، وه‌زيرى ته‌ندروستى، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جێگرى وه‌زيرى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تى , سه‌رۆكى يه‌كێتى مامۆستايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى حكوومى و حزبى و ئه‌كاديميست و پياوانى ئايينى و چالاكانى مه‌ده‌نى،‌ له‌ ڕێكه‌وتى 8\9\2024 کۆمەڵگەی دایک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرايه‌وه‌.

ڕێزدار سيداد بارزانى(نوێنه‌رى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى)، له‌ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ی دایك، وێڕاى به‌خێرهاتنى ئاماده‌بوون، گوتارێكى پێشكه‌ش كرد و له‌ به‌شێكى وته‌كانيدا گوتی: “ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و به‌دواداچوونی ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی سه‌رۆك بارزانی بونیاد نراوه. سه‌رۆك بارزانی مه‌به‌ستی بوو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ ناوی دایك بێت، وه‌كوو وه‌فایه‌ك بۆ دایكه‌ حه‌مایل و سه‌رجه‌م دایكانی شه‌هید و ئه‌نفال و دایكانی جگه‌رسووتاوی كوردستان كه‌ به‌رگه‌ی ڕه‌نج و زه‌حمه‌تی و ئاواره‌ییان گرتووه‌”.
خۆشحاڵیى خۆيشى له‌وه‌ ده‌ربڕى كه‌‌ بۆ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ شێوه‌ی ئه‌كادیمی و زانستی ناوه‌ندی خوێندن بۆ نابیستان و نابینایان و سه‌نته‌ری ئۆتیزم ده‌كرێته‌وه‌ و گوتيشى: “به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ ژماره‌ی به‌ساڵاچووان كه‌مه‌ و منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتیش نییه‌”.
به‌ڕێز موسا ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، له‌ وتاره‌كه‌يدا دواى به‌خێرهاتنى ئاماده‌بوون، گوتى: “ئێمه‌ هه‌ميشه‌ وا وه‌سفى خۆمان كردووه‌، پێشمه‌رگه‌ى(جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى)ين، به‌تايبه‌تيش له‌ جێبه‌جێكردنى ڕاسپارده‌كانيان و ئه‌م ڕاسپارده‌شيان ڕاسپارده‌يه‌كى گه‌لێك گرنگ بوو، كه‌ كردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كه‌ به‌ ناوى كۆمه‌ڵگه‌ى دايك. ئێمه‌ شاد و به‌خته‌وه‌رين كه‌ كارمه‌ندانى ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌يه‌دا و به‌ شێوازى ستانداردێكى نێوده‌وڵه‌تى، خزمه‌ت به‌ خۆشه‌ويستان خاوه‌ن پێداويستييانى تايبه‌ت، نه‌خۆشييه‌ زگماكييه‌كان، به‌ساڵاچووان ده‌كه‌ن”. گوتيشى: “ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌يه‌ كارێكى گرنگه‌ بۆ سۆران و بۆ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى، چونكه‌ ئه‌وه‌ كاره‌كانى ئێمه‌ى له‌ خزمه‌تكردنه‌وه‌ گۆڕى بۆ شياندنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و بونيادنانى تاكێكى به‌هره‌مه‌ند”. جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى هه‌موو توانايه‌كى ده‌خاته‌ كار، كه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانى ديكه‌ى كوردستانيش كۆمه‌ڵگه‌ى له‌و جۆره‌ بكاته‌وه‌.
سه‌رۆكى ده‌زگاى خێرخوازيى بارزانى له‌ به‌شى كۆتايى وتاره‌كه‌يدا سوپاس و پێزانينى خۆى بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ربڕى كه‌ له‌و پڕۆژه‌يه‌دا‌ ماندوويى نه‌ناسانه‌ كاريان كردووه‌، داواى له‌ كه‌سانى ئه‌كاديمى و خاوه‌ن به‌هره‌ش كرد، كه‌ هاوكارييان بكه‌ن به‌ فێركارى و ئه‌وه‌شى به‌ ئامانجێكى گه‌وره‌ ناوبرد.
به‌ڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، له‌ وتاره‌كه‌يدا جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ “دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە ئەو کۆمەڵگەیەی پێشکەش بە خەڵکی ناوچەکە کردووە، له‌ ساڵانی ڕابردووش درێغی نەکردووە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە تەواوی سێکتەرەکاندا”. گوتيشى: “ئێمە لە خەمی ئەو خانەوادە تێدەگەین کە خاوەنی منداڵی ئۆتیزمن، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریان دەبێت. کۆمەڵگەکە دەبێتە ژوانێک بۆ بەساڵاچووان کە پێویستیان بە خزمەتکردنە، ئەو سەنتەرە هاوکاریی نابینا و نابیستان دەکات بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە پێشخستنی کۆمەڵگە و پێشخستنی وڵات”.
کۆمەڵگەی دایک شه‌ش باڵه‌خانه‌ی تایبه‌ت(سەنتەری ئۆتیزم، خانەی بەساڵاچوون، خانەی بێسەرپەرشتان، خانەی كەلتووری، پەیمانگای نابیستان و پەیمانگای نابینایان) لەخۆی دەگرێت. هەروەها شوێنی وەرزش و یاری بۆ سەرجەم سوودمەندانی دابین كراوە.
خاوه‌نداریه‌تیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی دایک بۆ ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بێ به‌رانبه‌ر و له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێشكه‌ش ده‌كرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و بەپێی ڕێنماییەكانی پسپۆڕان، ڕاهێنەران و فەرمانبەرانی(كۆمەڵگەی دایك) كە لە توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی پێكدێن، بۆ سەرجەم بەشەكان ئامادە كردووە و لەسەر شێوازی ستانداردی جیهانی كاریان لەسەر كراوە.
كە ئەو كۆمەڵگەیە خزمەتێكی فراوان و بەرچاو بە خەڵكی دەڤەرەكە دەكات. جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی بایەخێكی زۆری بە پڕۆژەكە داوە، تێچووەكەی لەئەستۆ گرتووە و، فەرمانی داوە بە كوالێتییەكی بەرز و بەپێی ستانداردی جیهانی جێبەجێ بكرێت و، بە باشترین شێواز خزمەتی چین و توێژی تایبەتمەند و نیازمەندی دەڤەرەكە بكرێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest