دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خولی فێربوونی یاریی شەترەنجی بۆ منداڵانی ئازیز بۆ ماوەی یەك مانگ كردەوە و لە كۆتایی خولەكەش هەموو بەشداربووان خەڵات كران و پاڵەوانی خولەكەش دەستنیشان كرا.
یەكەی ئازیزان و بێهاوژینان لە ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خولی فێربوونی یاریی شەترەنجی بۆ منداڵانی ئازیز (بێباوك) كردەوە. خولەكە بۆ ماوەی یەك مانگ ( 22\8\2024 تا 22\9\2024) بەردەوام بوو. ئومێد بیلال شاكر، ڕاهێنەری خولەكە توانی 16 منداڵی ئازیز بە تەواوی فێری یاریی شەترنج بكات و لە كۆتایی خولەكەشدا كێبڕكێی بە دەستهێنانی نازناوی پاڵەوانی خولەكە ئەنجام درا.
ئومێد بیلال شاكر، ڕاهێنەری خولەكە دەڵێت: ” 16 منداڵی ئازیز لە خولی یاریی شەرترەنج بەشدار بوون. سوپاس بۆ سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە بایەخی تەواویان بە پڕۆژوكە دا. لە خولێ شەترەنج 16 منداڵ و نەوجەوانی ئازیز بە تەواوی فێری یارییەكە بوون و هەمووشیان لە كۆتایی خولەكە خەڵات كران، بەڵام خەڵاتی پلەی یەكەم و دووەمی خولەكە هەندێك جیاواز بوون”. سەبارەت بە پلان و بەرنامەی داهاتووشیان گوتی: “بە نیازین تیمێك بە ناوی (تیمی بارزانیی نەمر بۆ شەرترەنج) تایبەت بە منداڵانی ئازیز دروست بكەین، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتییەكانی یاریی شەترەنج بكەن”.
لوقمان شوكر حەمد، تەمەنی 17 ساڵە و بووە پاڵەوانی خولەكە و دوای دەبڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕاهینەری خولەكە دەڵێت: “كە هاتم لەو خولە بەشدار بووم، هیچم نەدەزانی و تەنانەت نەمدەزانی جووڵەكان چۆنن. بەڕاستی بەڕێز مامۆستا ئومێد زۆری یارمەتی داین و دەستخۆشی لێدەكەم”. گوتیشی: “هەموو بەشداربووان خوشك و برای منن و هیوادارم هەموومان بەردەوام بین و ئاستی باشترمان هەبێت”.
ئیبراهیم جەلال ئیسماعیل، ئەویش تەمەنی 17 ساڵە و توانی پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەكە بەدەست بێنێت. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: “زۆر دڵخۆش بووم بۆ بەشداری لەم خولە و لە سایەی مامۆستامان زۆر شت فێربووین. بەڕاستی ئەو یارییە بۆ گەشەی مێشك زۆر باشە و هیوادارم دەزگای خێرخوازیی بارزانی خولی زیاترمان بۆ بكاتەوە”.
نادیە سابر دایكی دوو منداڵی بەشداربووی خولەكەیە و دەڵێت: “بەڕاستی جێگەی دەستخۆشییە، من دوو منداڵم لەم خولە فێری یارییەكە بوون و ئاستیان زۆر باشە، بە تایبەتی سۆمای كچم، كە شەش مانگی تەمەن بوو، باوكی لەدەست دا. بەداخەوە چەند ڕۆژ نەخۆش بوو، نەیتوانی لە خولەكە بەشدار بێت، دەنا ئاستی بەرزتری بەدەست دەهێنا. بەگشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە بۆ ئەو منداڵانەی لە نازی باوك بێبەش بوون، باوكایەتی كردووە. بۆیە هەمیشە و لە هەموو شوێنێك سوپاسیان دەكەین.”
رۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی 22\9\2024 لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا لە سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، یاریی كۆتایی لە نێوان لوقمان شوكر حەمد و ئیبراهیم جەلال ئیسماعیل ئەنجام درا و لوقمان شوكر حەمد توانی نازناوی پاڵەوانی خولەكە بەدەست بهێنێت. هەموو بەشداربووانی خولەكەش خەڵات كران.







