چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە عەفرین و دەوروبەری

بەرپرسی دۆسییەی عەفرینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماری كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە عەفرین و دەوروبەری دەخاتە ڕوو، ئاماژە بەوەش دەكات كە تیمی گەڕۆكی پزیشكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا سەردانی 110 گوندیان كردووە و پشكنینان بۆ 4،620 نەخۆش ئەنجام داوە و چاره‌سه‌ريان بۆ دابین كردوون و هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكییش بە 695 خێزانی گەڕاوە لە سنووری عەفرین پێشكەش كراوە.


بەڕێز (ڕەواج حاجی) ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسییەی عەفرین، لە ئاخافتنێكیدا بۆ ماڵپەڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماری كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە عەفرین و دەوروبەری خستەڕوو. وەك باسی كرد، لە ماوەی شەش مانگدا لە كۆی هاریكاریی مرۆیی و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین و دەوروبەری 805 خێزان (4،988) كەس سوودمەند بوون.
بەرپرسی دۆسییەی عەفرینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و گەشەپێدان لە عەفرین، لە ڕێكەوتی 7\1\2023 دامەزراوە و تا ئێستا لە كردنەوەی خولی پیشەیی و پەروەردەیی بۆ فێرخوازان(لە تەمەنی جیاواز) بەردەوامە و لە شەش مانگدا دوو خولی درێژماوەی زمانی ئینگلیزی كرانەوە. خولی یەكەم بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوو، كە 8 كچ و 3 كوڕ تێیدا بەشدار بوون، خولی دووەمیش لە ڕێكەوتی 24\10\2024 كراوەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە و 22 كچ و 8 كوڕ تێیدا بەشدارن. گوتیشی: “سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و گەشەپێدان لە عەفرین بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی عەفرین لە ڕێكەوتی 18\4\2024 خولی زمانی كوردی لە سێ ئاستی خوێندن كردووەتەوە و 113 كەس (63 كچ و 50 كوڕ) لێی سوودمەند بوون. لەو ژمارەیە 76 قوتابی بڕوانامەیان وەرگرتووە و 37 كەسیش ئێستا سەرقاڵی تەواوكردنی خولەكەن. هەر لەو سەنتەرەدا دەیان خولی پیشەیی، هونەری و پەروەردەیی بۆ فێرخوازان كراوەتەوە”. باسی ئەوەشی كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی خزمەتكردنی پڕۆژەی ئازیزان(منداڵانی بێباوك)، باخچەیەكی منداڵانی ئازیز لە پشووی هاوین كردووەتەوە كە 22 منداڵی ئازیز لە عەفرین و جندرێس لێی سوودمەند بوون. لەو دایەنگەیە منداڵانی ئازیز بە پیتەكانی زمانی كوردی و سیمبولەكانی كوردستان(ئاڵای كوردستان، بارزانیی نەمر و زمانی كوردی) ئاشنا دەكرێن. لە بواری هاوكاریی نەختێنەش 192 منداڵی ئازیز (95 كچ و 97 كوڕ) سوودمەند بوون، كە لە شوێنە جیاوازەكان بەمجۆرە بووە: لە عەفرین 23، جندرێس 54، شەران 17، مابەتا 46، ڕاجۆ 15، بلبل 18 و شیێ 19 منداڵی ئازیز سوودمەند بوون. ئەوەشی خستەڕوو كە تیمی گەڕۆكی پزیشكیی سەر بە نووسینگەی عەفرینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی 20\1\2024 دەستی بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و چارەسەری پزیشكی بۆ خەڵكی گوندەكانی سنووری عەفرین كردووە. ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی 366 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا سەردانی 110 گوندیان كردووە و پشكنینان بۆ 4،620 نەخۆش ئەنجام داوە و چاره‌سه‌ريان بۆ دابین كردوون، پڕۆژەكەش تا ئێستا بەردەوامە و ڕۆژانە سەردانی گوندەكان دەكەن.
بەڕێز (ڕەواج حاجی) لە كۆتایی وتەكانیدا ڕایگەیاند: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین و دەوروبەری لە پێشكەشكردنی هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی بە خەڵكی نیازمەند بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی شەش مانگ جگە لەوەی لە عەفرین زیاتر لە 110 خێزان سەبەتەی خۆراك و كەلوپەلی ناوماڵیان بەسەردا دابەش كراوە، هەر لەو سێكتەرەدا و بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارە بۆ زێدی خۆیان، هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی بە 695 خێزانی گەڕاوە لە سنووری عەفرین پێشكەش كراوە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest