نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئیڤێنتی ساڵانەی كار و چالاكییەكانی لە ساڵی 2024 دەخاتە ڕوو، هاوكات قەڵغانی ڕێزلێنان بە بەخشەر و هاوبەشانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پڕۆژە و چالاكییەكانی دەزگا لە كەركووك پێشكەش دەكرێت.
بە ئامادەبوونی بەڕێزان موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستای ئایینی، ڕێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەكان لە شاری کەرکووک، خاوەن کۆمپانیا و چەندین کەسایەتیی دیاری شاری کەرکووک، نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێكەوتی 17\2\2025 لە كەركووك ئیڤێنتی ساڵانەی كار و چالاكییەكانی نووسینگەی کەرکووکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
سەرەتا بەڕێز ڕێبوار محیەدین، بەڕێوەبەری نووسینگەی كەركووكی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد و باسی لە دەستكەوتەكانی ساڵی 2024 و ئەو پڕۆژە و كار و چالاكییانە كرد، كە لەم ساڵەدا جێبەجێ كراون.
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: “ئەگەر بۆ سەرتاپای كوردستانیان جارێك پێویست بێت، خزمەتی خەڵكی كەركووك بكەن، ئەوا بۆ ئێمەمانان كە لەژێر ناوی پیرۆزی بارزانی نەمر كار دەكەین، پێویستە چەندین جار لە خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی كەركووكدا بین”. گوتیشی: “هەمیشە ئاواتەخوازی ئەوە بووین كە بتوانین ئەو كەلتوورە جوانەی ڕێبازی بارزانی لە نێو چین و توێژەكاندا بڵاو بكەینەوە، چونكە دەزانین كۆمەڵگەی ئێمە چەندی پێویست بەو فەلسەفە و تێگەیشتنە هەیە كە هەموومان دەست لەناو دەستی یەكتر خزمەت بە خەڵكی خۆمان بكەین”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا، باسی لە خزمەتكردنی ئازیزان و سێكتەری پەروەردە كرد و سوپاسی بەخشەران و هاوبەشانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد لە كەركووك و گوتی: “ئەمڕۆ جگە لە دڵخۆشكردنی ئێوە بە پیشاندانی ئەو كار و چالاكییانەی ئەنجاممان داوە، دەمانەوێ ڕێزیش لە ئێوە و نوێنەرەكانی ئێوە بگرین، كە لەو بەخشینەدا هاوكار و پشتیوانی ئێمە بوون”. داوای لە دامودەزگا ئیدارییەكانی كەركووكیش كرد، زیاتر بە پێی بانگەوازییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بێن، بۆ ئەوەی هەموو ئەو هاریكاری و كارە مرۆییانەی لە شوێنەكانی دیكە كراون، لە كەركووكیش ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی كردنەوەی سەنتەری تایبەت بە خاوەن پێداویستییانی تایبەت لە كەركووك..
هەر لە ڕێوڕەسمەدا داتا و ڕاپۆرتی ساڵی 2024 و ڤیدیۆی پڕۆژە و چالاکییەکانی نووسینگەی کەرکووک و بەدەرخستنی ئامانجەکانی نووسینگەی کەرکووک بۆ ساڵی 2025 پێشكەش كران، لە كۆتایی ڕێوڕەسمەكەشدا قەڵغانی ڕێز و سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بەخشەران و هاوبەشەكانی دەزگا بە بۆنەی هاریكارییەكانی مرۆییان لە سنووری کەرکووک پێشكەش كران.














