پێشكەشكردنی سیمینارێك بۆ ناساندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریكا

نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریكا، سیمینارێك بۆ ناساندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە واشنتن پێشكەش دەكات و هاوكات خەڵاتی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئازار دەكات.

بەڕێز (خوناڤ ئەمین) نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریكا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی 16\2\2025 لە واشنتن، سیمینارێکی بە مەبەستی ناساندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ژمارەیەك لە ڕێکخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هاریكاریی مرۆیی و کەسایەتییەکان پێشكەش كرد. لەو سیمینارەدا كە سێ بڕگەی لەخۆ گرت، سەرەتا تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئێستا و ئەو خزمەتگوزاری و هاریكارییانەی كە لە سێكتەرە جیاوازەكاندا لە هەرێمی كوردستان و عێراق و چەندین وڵاتی دیكەی جیهان ئەنجامی داون. هەر لەو سیمینارەدا ڤیدیۆیەكی تایبەت بە چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی نمایش كرا.
دواتر نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریكا سوپاسنامەی فەرمیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بەڕێز (شاهین مافی) بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئازار پێشكەش كرد و هاوكارییەكانی ئەو ڕێكخراوەی بەرز نرخاند. باسی ئەوەشی كرد كە ڕێكخراوی ئازار یەكێك لەو ڕێكخراوانەیە كە لە دابینكردنی جانتا و پەڕاوگە بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی چالاكیی هاوبەشی ئەنجام داوە.
لە بەشی كۆتایی سیمینارەكە، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و داوای کرد، ڕۆڵ بگێڕن لە كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی كە ئامانجیەتی ئەنجامی بدات بۆ خزمەتكردن و گەیاندنی هاوكارییەكان بە نیازمەندان لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest