دەزگای خێرخوازیی بارزانی گەنجێكی بێسەروشوێن دوای سێ ساڵ بە خێزانەكەی شاد دەكاتەوە

محەمەد عەبدوڵڵا، گەنجێكی تەمەن 22 ساڵی دانیشتووی شارەدێی چوراقوڕنەی باشووری كوردستانە. لە تەمەنی 18 ساڵی بڕیاری كۆچكردن بەرەو هەندران دەدات، بۆیە پەیوەندی بە باندێكی قاچاخچی دەكات و دواتر دەیبەنە توركیا و بەنیازبوون ڕەوانەی وڵاتانی دیكەی بكەن، بەڵام لە توركیا دەستبەسەر دەكرێت. بەپێی ئامۆژگاریی قاچاخچییەكان، دوای گرتنی خۆی بە خەڵكی سووریا دەناسێنێت، هەر بۆیە دوای ماوەیەك بۆ سووریا سنوورداش دەكرێتەوە و لە عەفرین زیندانی دەكرێت.
نوێنەرایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، دوای ئاگاداربوونەوەی لەو بەسەرهاتە، هەموو هەوڵەكانی دەخاتە سەر یەك و پەیوەندیی بە لایەنەكانی پەیوەندیدار دەكات، بەو جۆرە لە گرتووخانەی عەفرین ڕزگاری دەكەن، بەڵام بە هۆی كاروباری یاسایی ناكرێت، یەكسەر ڕەوانەی زێدی خۆی بكەنەوە.
محەمەد عەبدوڵڵا، ئێلەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبەر دەكات و خۆبەشخانە كاری ڕۆژانە و ئەركی پێسپێردراوی مرۆیی خۆی ڕایی دەكات. دوای 14 مانگ و تەواوبوونی كاروباری یاسایی بۆ گەڕانەوەی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 12\3\2025 لەگەڵ كاروانی تیمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەك لە میدیاكاران بەرەو زێدی خۆی گەڕایەوە.
لێرەوە دەنك دەنك مرواریی فرمێسكی شادی بە سەر گۆنای خۆی و كەسوكاریدا گلار بوونەوە.
دایكی محەمەد دوای، لە ئامێزگرتنی كوڕەكەی و سڕینەوەی فرمیسكەكانی لە وەڵامی پرسیارێكدا دەڵێت: “من ئومێدی ئەوەم نەبوو، بە كوڕەكەم شاد ببمەوە، چونكە یەك دەیگوت نەماوە، یەك دەیگوت دەستی داعش كەوتووە، قسەی خەڵك دەیڕووخاندین، بەڵام پیاوەكەم ئومێدی هەبوو، بەردەوام لە هەوڵدا بوو، خوای گەورە نائومێدی نەكردین”.
عەبدوڵڵا، باوكی محەمەد، دەم بە خەندە و دڵێكی لێوانلێو لە دڵخۆشی، وێنەی محەمەدی كوڕی لە یەكەم ڕۆژی ڕۆیشتنی بەرەوە توركیا، لەسەر شاشەی مۆبایلەكەی، ڕووبەڕووی زوومی كامێراكانی ڕاگەیاندنەكان پیشان دەدات. چۆنیەتی ڕزگاركردنی كوڕەكەشی بە “خەوێكی دوور و درێژ” ناو دەبات، كە تێیدا بە ئاگا هاتووەتەوە. هاوكات باسی ئەوە دەكات، كە دوای ئەوەی ئاگادار دەبێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی كارەساتی بوومەلەرزەكان لە توركیا و سووریا بە هانای لێقەوماناوە چووە، بە هەوڵێكی زۆر ژمارە مۆبایلی ڕەواج حاجی(ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین، دەدۆزێتەوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: “ساعەت دوو و نیوی شەو تەلەفۆنم بۆ كاك ڕەواج كرد، تكام لێكرد، سۆراغی محەمەد بگرێت لە زیندانەكانی عەفرین و سووریا، بەڵێنی پێدام و بەڵێنەكەشی لە ماوەی سێ ڕۆژ جێبەجێ كرد”. گوتیشی: “ئومێدم وایە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەكردندا بێت، ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە كاری خێرخوازیی هەیە، لە هاوكارییان بەردەوام بێت”.
محەمەد عەبدوڵڵا، لە ناو ئاپۆرای خزم و كەسانی بە دڵێكی شاد و دەم بە خەندە و پێكەنین، جلكی كوردی و ئێلەكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبەر كردووە. ئەو لەوە خۆشحاڵە كە لە ڕۆژی لەدایكبوونی لە گرتووخانە ئازاد كراوە. هەر لەو بارەیەوە گوتی: “ڕۆژی 16\1\2024 لە سجنی عەفرین گوتیان: دەزگای خێرخوازیی بارزانی لێرەیە، تۆ ئازاد كراوی، ئەوە هاوكات بوو لەگەڵ ڕۆژی لەدایكبوونم، زۆر خۆشحاڵ بووم. ئیتر لە ئۆفیسی بارزانی مامەوە و وەك خۆبەخش كارم كرد”. گوتیشی: “لە سجن خەڵكی باشوور، ڕۆژهەڵات، عێراقی و عەرەبمان لا بوون، زۆربەیان ئازاد كراون، بەڵام هێشتا زۆر كەس ماون”، ئاواتیشی خواست كاری جددی بكرێت بۆ ئەوەی هەموویان ئازاد بكرێن.
ڕەواج حاجی(ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین، زۆر خۆشحاڵە كە خۆی و تیمەكەی لە ماوەیەكی كەم، بەڵام بە هەوڵێكی زۆر توانیویانە محەمەد بدۆزنەوە. ئەوەشی خستەڕوو كە لە كاتی كارەساتی سرووشتیی ڕوودانی بوومەلەرزەكانی توركیا و سووریا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەتا ئێستاش لە سووریە ماوەتەوە و نوێنەرایەتییان لە عەفرین ماوە و هەوڵیش دەدەن لە دیمەشق نووسینگە بكەنەوە. سەبارەت بە ڕزگاركردنی محەمەدیش زۆر بە كورتی دەڵێت: “بەڵێنمان پێدابوون، جێبەجێمان كرد”.
ئەم بەسەرهاتە، كە پتر لە چیرۆك و درامایەك دەچێت، تەنیا محەمەد ناگرێتەوە، ئەو یەكێكە لەو هەزاران گەنج و ڕۆڵەی نیشتمانە كە لە ڕێگەی كۆچ بەرەو تاراوگە، بیسەروشوێن بوون و چارەنووس نادیارن، هەر بۆیە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت، هەم بەشێك لە ئەرك و چالاكییەكانی بۆ ڕزگاركردنی كەسانی وا تەرخان بكات، هەم داوا لە ڕێكخراوەكانی مرۆیی و چالاكانی مەدەنی و دەسەڵاتدارانی وڵاتان بكات، كە هەموو ئاسانكارییەك بۆ ڕزگاركردنی ئەو گەنجانە بكەن، كە تەراویلكە (سەراب)ی كۆچ گەمەی بە چارەنووسیان كردووە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest