ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 25\3\2025 لە هۆلی کۆمیتەی 6 لە باڵاخانەی پەرلەمانی بەریتانیا، بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر، سیمینارێک لەژێر ناونیشانی “کاریگەریی مێژوو – میراتی مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان” پێشكەش كرا.
سیامەند بەنا، باڵیۆزی پێشووی عیراق و وەرگێڕی وتەكانی بارزانیی نەمر، لە سیمینارەكە بە وردی تیشکی خستە خەبات و هەڵوێست و سەرکردایەتیی بارزانیی نەمر و ڕۆڵی بەرچاویان لە چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەو ئاشتەوایی و پێكەوەژیانە پەرەی زیاتری پێبدرێت.
پاشان لەلایەن پڕۆفیسۆر جان رۆژ کیلیس، گرنگیی بەردەوامبونی فەلسەفەی بارزانی و بەهێزکردنی ڕۆحی پێکەوەژیان لە کوردستان و ناوچەکە بە شێوازێکی ئەکادیمییانە شیكاریی بۆ كرا.
ئامادەبووانی سیمینارەكە لە پێکهاتەی جیاوازی نەتەوەکان و کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان بوون، هەروەها چەند کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی و توێژەری سیاسی و کۆمەلایەتی و ڕۆژهەڵات ناس بەشدار بوون.
دەزگای خیرخوازیی بارزانی لە چەندین وڵاتی جیهان مۆلەتی کارکردنی پێدراوە و لە ساڵی 2020 لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیا بە فەرمی ناسراوە.







