سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دیدارێكیدا لەگەڵ “كوردستان تی ڤی”، باسی خەڵاتی ڕێكخراوی(وینگس ئۆف هێلپ)ی ئەڵمانی دەكات، كە دوو سأڵ جارێك بە كەسایەتییەكی دیاری كاری مرۆیی دەدرێت و وەك شەشەمین كەس لەسەر ئاستی جیهان بە خۆی پێشكەش كراوە، خەڵاتەكەشی بە مۆڵكی هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت.
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 18\5\2025 ، لە دیدارێكیدا لەگەڵ كوردستان تی ڤی، باسی چۆنیەتی وەرگرتنی خەڵاتی ڕێكخراوی(وینگس ئۆف هێلپ)ی ئەڵمانی كرد و ئاماژەی بەو دا،
ڕێكخراوی(وینگس ئۆف هێلپ)ی ئەڵمانی، یان ڕێكخراوی باڵەكانی هاوكاری، یەكێك لە دیارترین ڕێكخراوەكانی ئەڵمانیا و ئەوروپایە، گوتیشی: “كاری مرۆیی دەرفەتێكە كە هەموو كەس دەخوازێ لەو بوارەدا كار بكات. بێگومان ئەوانەشی كە دەگەنە ترووپكی دەستكەوتەكان لە هەر بوارێكدا، لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، هونەری، تەنانەت لە بواری وەرزشیدا دەبینین، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشكەوتوو، زۆربەی ئەوانەی كە ڕابردوویەكی سەركەوتوویان هەبووە، وەكوو زانا و بیرمەند و ڕۆژنامەنووس و وەرزشوان، دەچنە ناو كاری مرۆیی، زۆر جاریش لەگەڵ كارمەندانی دەزگا باسی ئەوە دەكەم، دەڵێم: ئێوە دەستكەوتێكی مەزنتان هەیە، چونكە لە ناو جەرگەی كاری مرۆیین”.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوی باڵەكانی ئاشتی گوتی: “پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای خزمەتكردنی مرۆڤایەتی دروست بوو. كە ماوەی 11 ساڵە بەردەوامە و ئەوان گەلێك هاریكارییان پێشكەش كردووە. لە زۆر وڵاتی دیكەش كاریان كردووە. یەكێك لەو ڕێكخراوانەن كە لە كاتی زۆر ئاڵۆز و لەو شوێنانەی كە زۆر ئاستەنگ هەیە، حەز دەكەن، لەو شوێنانە كار بكەن. ئەزموونێكی گەلێك مەزنیان لە كاركردن هەیە. مسداقییەتی زۆریشیان لە ناو وڵاتی ئەڵمانیا و ئەمریكا و ئەوروپا بە شێوەیەكی گشتی هەیە، تا ئێستاش زیاتر لە سێ ملیۆن یۆرۆ هاوكارییان بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، زیاتریش هاریكاری منداڵان دەكەن”.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە ڕێكخراوی باڵەكانی ئاشتی، دوو ساڵ جارێك ئەو خەڵاتە دەدەنە كەسێك كە لە بواری كاری مرۆییدا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە. سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتەكەشی گوتی: “ئەو خەڵاتەش كە بە من دراوە، هی من نییە بە تەنیا و هی هەموو خەڵكی كوردستانە، هی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كارمەندەكانیەتی، دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وایان فێر كردووین، كە لە هەر كۆێیەك بێت، مرۆڤایەتی پێوستی بە ئێمە بێت، دەبێت لەوێ خزمەت بكەین، لەسەرووی ئەوەشەوە ئێمە بە ناوی بارزانیی نەمرەوە كار دەكەین، كە فێری كردووین خۆمان بە خزمەتكاری خەڵك بزانین”.
وەك باسی كرد “منداڵ، تەندروستی، پەروەردە، ئەمانە بابەتگەلێكی زۆر گرینگن لە ژیانی هەر كەسێكدا، بەتایبەتی ڕێكخراوەكانی مرۆیی زۆر بایەخیان پێدەدەن. دانەبڕانی منداڵ لە خوێندن و دروستكردنی قوتابخانە و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، ئەمانە زۆر گرینگن، بەڵام دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چەندین سێكتەری دیكە كار دەكات”. گوتیشی: “بۆ ئێمە و بۆ كۆمەڵگەی ئێمە شتێك كە زۆر گرینگە و دەستكەوتی گەورەیە، متمانەیە. دەبێت بزانین چۆن ئەو متمانەیە دروست دەبێت. ئێمە بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان و دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و خێرخوازان، توانیومانە ئەو متمانەیە دروست بكەین، لە نێوان خۆمان و ئەو ڕێكخراوانەدا، سەرەڕای ئەوەی زوومی كامێراكانی هاوكاریكردن تەنیا لەسەر كوردستان نییە و كۆمەڵێك وڵاتی دیكە دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی شەڕیان تێدا دەكرێت، زۆر وڵاتیش لە پێش عێراقن بۆ هاوكاریكردن، بەڵام ئەم ڕێكخراوانە لە گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ كوردستان بەردەوامن، كە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پشتیوانیی دامەزرێنەران و كارمەندانی و خێرخوازان توانیویەتی متمانەیەكی جیهانی بۆ خۆی دروست بكات:.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی باسی ئەوەشی كرد، كە لە ساڵی 2015 دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵاتی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە، وەكو باشترین ڕێكخراو كە لە عێراق كاریان كردووە بۆ ئاوارە و پەنابەران. هەروەها لە ساڵی 2016 خەڵاتی(UNHCR) بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دراوە و لە ساڵی 2017 خەڵاتێكی دیكەی جیهانییان لە پۆڵانیا بەدەست هێناوە. لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی بەڕازیل و سەرۆكایەتیی دەوڵەتی پۆڵانیا، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆمەڵێك خەڵاتی دیكەی ناوخۆیی و جیهانی بەدەست هێناوە.
سەبارەت بە ڕێكخراوی باڵی ئاشتی و خەڵاتەكەیان گوتی: “دەبوایە ئێمە خەڵاتی ڕێكخراوی باڵی ئاشتیمان بكردایە، بەرانبەر ئەو بەردەوامییەیان لە هاریكاریی مرۆیی، بەڵام ئەوان خۆیان بەخشەرن و هەر خۆیشیان ئێمەیان خەڵات كردووە”. گوتیشی: “كۆمەڵێك ڕێكخراوی ئەڵمانی هاوكاریمان دەكەن. ئەڵمانیا وڵاتێكی كاریگەرە لە دونیادا و بەدەستهێنانی پشتیوانیی خەڵكی ئەڵمانیا و ڕێكخراوەكانیان بۆ ئێمە شتێكی زۆر گرینگە”.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە زۆرێك لە منداڵەكانی كەمپەكان كە بۆ یەكەمجار دەستیان بە لابتۆپ كەوتووە، لە ڕێگەی ڕێكخراوی باڵی ئاشتی بووە. هەروەها كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی و پیشەیی لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە خاوەن پێداویستییانی تایبەت خواست و پێداویستییەكانیان دەستەبەر بكرێت. گوتیشی: “بە دەستێكی ئەمینەوە هەموو ئەو هاوكاری و خێر و ئەركانەی بە ئێمە دەسپێردرێن، جێبەجێی دەكەین، لە هەموو بۆنە نیشتمانی و ئایینییەكانی جۆراوجۆریش پڕۆژەمان هەبووە، ئەمساڵیش بەردەوام دەبین. لە جەژنی قوربانی پیرۆزیش وەك هەموو ساڵانی ڕابردوو و بە زیاتریشەوە لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی گۆشتی قوربانی بەردەوام دەبین.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە “لە ساڵی 2012 وە بە ئامادە بوونی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پڕۆژەی ئازیزان(منداڵانی بێباوك) ڕاگەیەندرا، تا ئێستا زیاتر لە 81 ملیۆن دۆلار پارەی كاش پێشكەش بە خانەوادەی منداڵانی ئازیز كراوە، لە پڕۆژەی ئازیزانیش 16 هەزار منداڵ سوودمەندن.
سەبارەت بە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانیش گوتی: “ئێمە هەماهەنگییەكی تەواو و باشمان لەگەڵ وەزراەتی پەروەردە هەیە، خوێندنگە ماڵێكە دەبێت هەموومان گرنگی پێ بدەین. چونكە منداڵ ئایندەی وڵاتی ئێمە دیار دەكات. ئەمساڵیش لەو بوارەدا پڕۆژەمان دەبێت”.
پڕۆژەی نەخۆشخانەی گەڕۆك لە عەفرین بەردەوامە و ڕۆژانە سەردانی گوندەكان دەكەن. بۆ قامیشلۆش یەكەم نەشتەرگەری دڵ كە بۆ نەخۆش كرا، لە ڕێگەی سەنتەری دڵ لە هەولێر بە هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا. ئێمە لەوێش و لە شوێنی دیكەش بەردەوام دەبین.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كۆتایی ئاخافتنەكەیدا بۆ كوردستان تی ڤی، تیشكی خستە سەر ئەو منداڵانەی نەخۆشییەكانیان لە هەرێمی كوردستان چارەسەر ناكرێن، ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیای دەكەن. هەر لە سێكتەری تەندروستی باسی سەنتەری ئیماراتی ئۆتیزمی لە هەولێر كرد، جەختی لەوەش كردەوە كە ئەو سەنتەرە لەسەر ئاستی هەرێم و هەموو عێراق یەكەم سەنتەرە و پسپۆڕانی بواری ئۆتیزم گەواهیان داوە، كە لە وڵاتانی پێشكەوتووش هەمان سیستەمی پەروەردەیی لە سەنتەری ئۆتیزم لە هەولێر پەیڕەو دەكرێت. گوتیشی : “63 منداڵ لە سەنتەری ئۆتیزم دەرچوون و تێكەڵی خوێندنی ئاسایی بوونەتەوە و لە زاخۆش سەنتەری ئۆتیزم دەكرێتەوە”.






















