پەیامی پیرۆزبایی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خاتوو نادیە مراد

كوردستانیان بەردەوام باجی ئاشتی و پێکەوە ژیانیان داوە، باوەڕبوون بەیەكتر و قەبوڵكردنی بیروڕای یەكتر هەمیشە لەژیر فشار و هەڕەشەی نەیارانی مروڤایەتی دابووە و کوردانی ئێزیدی لەو لایەنەوە باجی زۆریان داوە، بەڵام بەڕێوەبەرانی تیرۆر و کۆمەڵکوژی نەك هەر نەیانتوانی چۆك بە خوشك و برایانی کوردی ئێزیدی دابدەن، بەڵكوو بە هەموو لایەكمان توانیمان لە سەر پێ بوەستین و هاوار و ئازاری ئەم گەلەمان بگەیەنینە گوێی هەموو مرۆڤەكان لە دونیادا.

پاداشتی خۆڕاگری و رووبەڕوبوونەوەی خاتوو نادیە مراد دژ بە رەفتارە نامرۆڤییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەلایەن بەناوبانگترین خەڵاتی جیهانی بۆ ئاشتی، بەهیزترین وەڵامە بۆ نەیارانی مروڤایەتی. ئێمە وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی دوو جار خوشحاڵین بە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل لەلایەن خاتوو نادیە مراد، جارێک وەكو رێکخراوێکی كوردستانی و جارێکیش وەكو رێکخراویكی مرۆڤ دۆست، ئەمڕۆ هەست بە شانازییەكی بێوێنە دەكەین كە چالاکوانێکی ئەم وڵاتە توانیویەتی كاریگەری لەسەر هەموو دونیا دروست بكات و ببێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە جیهاندا.

ئێمە وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای كارەساتی شنگالەوە هەتا ئەمڕۆ هەرچی لەدەسەڵاتماندا بووبێت بۆ بەرەنگار بوونەوەی لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە كردوومانە، هەوڵمان داوە لەگەڵ ئازاری لەدەستدانی خاك و مەینەتیەكانی خوشك و برا کوردە ئێزیدیەكاندا بژین. لە دوا هەوڵی دەزگا لە ٣٩یەمین كۆنفڕانسی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیكگرتووەكان لە جنێڤ، بە دوو وتاری جیا جیا دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد كە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاراستنی ئاینزاكان بدات بە تایبەتی کوردانی ئێزیدی و كریستیانەكان.

دەزگا زۆر بە گەرمی و بە ئومێدێكی زۆرەوە ئەمڕۆ پێشوازی لە خەڵاتكردنی تۆی ئازیز دەكات، و لێرەشەوە بانگێشتی جەنابت و مروڤ دۆستەكان دەكەین كە لە ساڵی داهاتوودا كۆنفڕانسێكی تایبەت لەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال و قەرەبووی شنگالیان ببەستین.

دووبارەی دەکەینەوە ئێمە وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەتا چارەسەركردنی بنەڕەتی کێشەکانی خوشك و برایانمان و دەستەبەرکردنی مافەکانتان لەگەڵتان دەبین.

لە كۆتاییدا ئەم دەستکەوتە پیرۆز بێت لە تۆ و لە هەموو خەڵكی كوردستان و گەلانی عیراق

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest