دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە جینۆسایدكردنی ئێزديیەكان دەكات

لە یازدەیەم ساڵوەگەڕی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی، خاتوو پەریزاد شەعبان ڕاوێژكاری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ كاروباری پەیوەندییە گشتییەكان و ڕاگەیاندن، بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادكردنەوەی یازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان و كەمە نەتەوەییەكان لە شاری بەغدا كرد.
ڕۆژی یەك شەممە ڕێكەوتی 3/8/2025 لە هۆڵی زەورا لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا، ڕێوڕەسمێكی تایبەت بە جینۆسایدی ئێزیدییەكان بەڕێوەچوو، كە تیایدا هەریەك لە بەڕێزان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عەمار حەكیم و فوئاد حوسێن و فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای حكومەت ئامادە بوون.
لەم ڕێوڕەسمەدا ئامادەبوونی نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاڵپشتییەكی مەعنەوی بوو بۆ زیانبەركەوتووان و قوربانییانی جینۆساید و ئەو هاوكارییانە خرایە ڕوو كە لە ماوەی ڕابردوو پێشكەشیان كراوە، هەروەها جەخت لەسەر پاڵپشتیی بەردەوامی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە كرایەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئاماژە كرا بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شنگال بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و باڵاخانەی خزمەتگوزاری و كردنەوەی دوو نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی و 50 قەرەوێڵەیی، بۆ باشتركردنی ژێرخانی ناوچەكە و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی.
چەندین نوێنەری ئێزدییەكان ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون و سوپاس وپێزانینی خۆیان ئاراستەی نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بەرانبەر بە خۆبەخاوەنكردنی كەیسی ئێزدییەكان و پاڵپشتیكردنی بەردەوامیان لە هەموو بارودۆخە جیاوازەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزرایی و هاوكاریی بەردەوام.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest