كاروانێكی هاوكاریی دانیشتووانی سنووری قوشتەپە ڕەوانەی چەمچەماڵ دەكرێت

بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە و ژمارەیەک كەسایەتی ئایینی و چالاكی مەدەنی و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٢/١٢/٢٠٢٥ لە شارۆچكەی قوشتەپە، كاروانێكی هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكیی دانیشتووانی سنووری قوشتەپە، بۆ زێانلێكەوتووانی لافاوەكەی چەمچەماڵ ڕەوانە كرا.
موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادە بووان، سوپاسی تایبەتی خۆی بۆ مامۆستایانی ئایینی و قایمقامی شارۆچكەی قوشتەپە و ئەو گەنجە خۆبەخشانە و هەموو بەخشەرانی دەڤەرەكە دەربڕی.
دواتر لە ئاخافتنەكەیدا، تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە بە پشتیوانیی هاوبەش و هاوكار و بەخشەران لە ئاستێكی بەرفراوان خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە دوای ئەو كارەساتە سرووشتییە لە سنووری چەمچەماڵ و كەركووك و لەیلان و گەرمیان و كەلار، ڕووی دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە لایەن جەنابی سەرۆك بارزانی ڕاسپێردراوە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات بەهانای خەڵكی زیانلێكەوتوو بچن.
خۆشحاڵی خۆیشی لەوە دەربڕی كە پێشتر خەڵك لە كاتی رووداوی سرووشتی بە پرۆشەوە خزمەتی خەڵكی زەرەرمەندی سنووری قوشتەپەیان كردووە و ئێستا كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخشی ئەو دەڤەرە كارێكی جوانی مرۆییان كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن، خزمەتی خەڵكی زیانبەركەوتووتانی لافاو لە چەمچەماڵ و شوێنەكانی دیكە بكەن.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم کار و چالاکییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت دەبێت لەو ناوچانە و بۆ گەیاندنی ئەم هاوكارییەش بە هەمان شێوە دەبێت.
بژار مەلا خدر، قایمقامی شارۆچكەی قوشتەپە سەرەتا باسی ئەوەی كرد، “كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش لە سنووری قایمقامیەتی شارۆچكەی قوشتەپە بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەكی مرۆیی و نیشتمانی، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكارییان بۆ زیانبەركەوتووانی لافاوەكەی سنوور چەمچەماڵ ئەنجام داوە، هەڵمەتەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك بەردەوام بووە و هەموو چین و توێژەكان، تەنانەت ئەوانەشی خەڵكی كەمداهات بوون، بەپێی توانای خۆیان بە شتومەكی جۆراوجۆر و هاوكاریی نەختینە بەخشەر بوون”.
قایمقامی شارۆچكەی قوشتەپە گوتی: “سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكەین، كە ئامادەییان دەربڕی، وەكو دەزگایەكی ئەمین و نیشتمانی، هاوكارییەكان بگەیێننە خوشك و براكانمان لە چەمچەماڵ، هەروەها سوپاسی ئەو گەنجە مرۆڤدۆست و نیشتمانپەروەرانە دەكەین و بۆ هەر كارێكی لەو شێوەیە هەردەم پشتیوانیان دەبین”.
وەك یەكێك لە گەنجانی خۆبەخشی هەڵمەتەكە باسی كرد، بڕ و جۆری هاوكارییەكان بەمجۆرە بوون:

٥٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار
هەزار و ١٠٠ دۆلار
١١ دۆلار و ١٠ لیرەی توركیشی لەگەڵ بووە.
٥٠٠ سەبەتەی خۆراك
٨٢ سۆپای كاەربایی و نەوتی
١٦٨ بەتانی
كۆمبار و لێفە و بالیف
جلوبەرگی زستانە.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest