سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكات

د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و شاندی یاوەرەی، ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٢/١٢/٢٠٢٥ سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
لەو دیدارەدا سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان سوپاسی كار و چالاكیی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەهاناوەچوونی خەڵكی لێقەوماو، بەتایبەتی زیانبەركەوتووانی لافاوەكەی سنووری چەمچەماڵی كرد.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەوڵەكانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانی بەرز نرخاند، بەتایبەتی لە بواری هاندانی بەخشین بۆ هاریكاریی مرۆیی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، جەختی لەوەش كردەوە، مامۆستایانی ئایینی لەو بوارەدا ڕۆڵی بەرچاو و كاریگەریان هەبووە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest