سروە ساڵح بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی، لە ئەڵقەیەكی نوێی ئێوارەی سلێمانی لە كاناڵی سلێمانی مێدیا، باسی كارەساتی سرووشتیی لافاوەكەی چەمچەماڵ و هاریكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەكات.
سروە ساڵح بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی، لە ڕێكەوتی ١٦/١٢/٢٠٢٥ لە دیمانەیەكی لەگەڵ كاناڵی سلێمانی مێدیا و لە ئەڵقەیەكی نوێی “ئێوارەی سلێمانی”، لە وەلامی پرسیارەكانی پێشكەشكاری بەرنامەكە، جەختی لەوە كردەوە كە “دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە پێشەنگ بووە لە كاتی ڕووداوە سرووشتی و نەخوازراوەكان لە هەر كوێیەك بێت، تیمەكانی فریاگوزاریی دەزگا گەیشتووەنەتە شوێنی مەبەست و لە بوومەلەرزەكانی توركیا و سووریاش یەكەم ڕێكخراو بووە كە تیمەكانی دەزگا بۆ هاریكاریی خەڵكی لێقەوماو لەو شوێنانە ئامادە بوون”.
سەبارەت بە كارەساتی سرووشتی و لافاوەكەی چەمچەماڵ و دەوروبەری گوتی: ” دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كاتی ڕووداوەكە، بەیاننامەیەكی دەركرد و جگە لە سەرەخۆشی لە قوربانییانی ڕووداوەكە، ئاماژەی بەوە كردبوو، كە بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حكوومی هاكاورییەكانی دەگەیێنێتە شوێنی ڕووداوەكە و لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی بەپەلە بەهانای خەڵكی چەمچەماڵەوە چوون”. گوتیشی: “كارمەندانی دەزگا لە ئۆفیسەكانی سلێمانی، هەولێر، كەركووك، گەرمیان، هەڵەبجە و سەرۆكایەتیی دەزگا، هەموو بووین بە یەك تیم بۆ ئەوەی لەگەڵ ئازارەكانی زیانلێكەوتووان بین.
وەك باسی كرد، لە چەمچەماڵ لە كۆمەڵگەی شۆڕش و لە تەكیە و هەندێ گوندیش كە لە كەركووك نزیك بوون، زیالێكەوتووان هاوكارییەكانی دەزگایان پێگەیشتووە.
ئەوەشی دووپات كردەوە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و بە ڕێپێدانی فەرمی هاریكاری مرۆیی بە نیازمەندان دەگەیەنێت.
سەبارەت بە بەهاناوەچوونی خەڵكیش لەو ڕووداوە سرووشتییە گوتی: “لە ڕۆژی یەكەم یەكسەر خواردنی گەرممان دابەش كرد، كە سێ هەزار كەس بۆ دوو ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە خۆرادنی گەرمیان بۆ دابین كرا. ئەوەش سەرتاییترین كاری ئیمەرجنسی و فریاكەوتنە، چونكە خێزانە زیانمەندەكان هیچیان نەمابوو، نەیاندەتوانی خواردنێك بۆ خۆیان ئامادە بكەن”.
ئەوەشی خستەڕوو كە گەڕەكەكان بە سەر ڕێكخراوەكاندا دابەش كرابوون، ئەو گەڕەكەی بەر دەزگای خێرخوازیی بارزانی كەوت، نزیكەی 500 ماڵ بوون، تیمەكانی دەزگا خانووەكانیان پاك كردەوە، تەنكی ئاوی ماڵەكانیش پڕ كرانەوە، دواتر سەبەتەی خۆراك، نەوت، سۆپا، دۆشەك و بەتانی و سەرین، جلوبەرگی منداڵ تا گەورەساڵ، سێتی چێشتخانە و پاكێجی پاككەرەوە دابەش كران.
سەروە ساڵح، لە درێژەی وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی سلێمانی مێدیا، ئاماژەی بەوە كرد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی تەنیا لە كارەساتەكان لەگەڵ خەڵك نییە، بەردەوام لەگەڵ خەڵكە و لە سێكتەری جیاواز و بە پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان كاری مرۆیی دەكات.
وەك باسی كرد، هاریكارییەكان لە سنووری چەمچەماڵ زۆرتر لۆكاڵی بوون و نێودەوڵەتی نەبوون، تەنیا ڕێكخراوی مانگی سووری عێراق لە شوێنی ڕووداوەكان ئامادە بوون.
سوپاسی هەموو خوداپێداوانی كوردستان و بەخشەرانی كوردستانیشی كرد، كە هەمیشە لەگەڵ دەستی دەزگا بوون. گوتیشی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تەنیا یەك دەست نییە، بەڵكوو كۆمەڵێك دەستە كە پێكەوە كار دەكەین بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت”.
پێداگریی لەسەر ئەوەش كرد، كە “سەرمایەدارانی كوردستان متمانەی تەوایان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە و بە دەستێكی پاك و ئەمینی دەزانن، بۆیە هەمیشە دەستپێشخەری دەكەن، كە هاوكارییەكانیان لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە خەڵكی نیازمەند بگات”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سلێمانی، لە بەشی كۆتایی وتەكانیدا گوتی: “چاوی كامێراكان نەگەیشتووەتە زۆر شوێن، كارەساتەكە گەورە بوو، بەتایبەتی لە شۆڕش، كە هەمووی خەڵكی هەژار بوون و هیچیان بۆ دەرنەچووبوو، من لەگەڵ فرمێسكی ئەوان زۆر گریام. باڵاخانە و خانووە بەرزەكان هیچیان ئاوی تێنەچووبوو، زیاتر ئەو ماڵانە زیانبەركەوتوو بوون، كە لەژێر هێڵی هەژاری بوون”.








