موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەشداری لە لووتکەی خۆبەخشی هەولێر کرد، کە لە ژێر ناونیشانی “خۆبەخشان پایەی سەرەکیی هەر کۆمەڵگەیەکی بەهێزن” سازکرا.
لووتکەکە ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی ١٦/١٢/٢٠٢٥ لە ژێر چاودێریی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی، بەیان سامی عەبدولڕەحمان ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی لووتکەکە، خەڵاتی ڕێزلێنان بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخشرا، لە پای ئەو کارە خێرخوازیی و خزمەتە خۆبەخشییانەی پێشکەش بە مرۆڤایەتی و خەڵکی لێقەوماو و کەمداهات دەکات.
ڕۆژی جیهانیی خۆبەخشان بۆ ئابووری و پێشەوەچوونی کۆمەڵایەتی، زیاتر وەکو ڕۆژی جیهانی خۆبەخشان ناودەبرێت، كە لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٨٥ دیاری کراوە.
ئەم ڕۆژە وەکو سیمبولێک دیاری کراوە بۆ ئەو ڕێکخراو و کەسانەی لە بواری خۆبەخشی کاردەکەن، بۆ ئەوەی گیانی کاری خۆبەخشی لەنێو خەڵکیدا پەرە بسێنێت و هانی حکومەتەکانیش بدرێت بۆ گرنگیدان و بەرزنرخاندنی کاری خۆبەخشی و پاڵپشتیی ڕێکخراوەكانی مرۆیی و کەسانی خۆبەخش بكەن، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی ئابووری و پێشەوەچوونی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی دەستەبەر بكرێت.













