موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 67 بارهەڵگر هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی و 150 كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكرێن

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنگرەیەكی میدیایی ئاشكرای دەكات،  67 بارهەڵگر هاوكاریی خۆراكی و ناخۆراكی و 150 كارمەندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكرێن.

موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 21/1/2026 لە كۆنگرەیەكی میدیایی كە لە دەروازەی سنووریی سێ مەلكە بەڕێوەچوو، وەردەكاریی هەناردنی هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان خستەڕوو.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی نالەباری ڕۆژئاوای كوردستان، گوتی: “جەنابی سەرۆک بارزانی ڕایسپاردووین، هەموو توانای خۆمان بۆ هاوکاریی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان بخەینە کار”.  گوتیشی: “جگە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان، دەینە پردێکی بەهێز لە نێوان کوردانی ڕۆژئاوا لەگەڵ لایەن و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانین لە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەتی خوشک و برایانمان بکەین”. 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە  بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان، گەورەترین کاروانی هاوکاریی ئامادە کراوە و كە 67 بارهەڵگرن و 22 جۆر پێکهاتەی جیاوازی لەخۆ گرتووە.

جەختی لەوەشکردەوە، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەگەڵ کوردانی رۆژئاوا دەمێننەوە و خزمەتیان دەكەن، تاوەکو ئەو کاتەی ئەوان پێویستیان بە هاوکاری هەبێت. 

ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە 150 کارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێکهاتوون، لە ڕووی تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن، گوتیشی: “ئەمە یەکەم کاروانی هاوکارییە دەگاتە رۆژئاوای کوردستان و هاوکارییەکان بە شێوەیەکی فراوان بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ئاسایی دەبێتەوە”. 

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، جەختی لەوەش كرەوە كە  لە هەر شوێنێك ئاوارە هەبێت،  دەزگای خێرخوازیی بارزانی خزمەتیان دەكەن. باسی ئەوەشی كرد، كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەزموونێكی زۆری لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان  هەیە، بۆ خزمتكردنی ئاوارە و پەنابەران و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێش هەولێر و دهۆك و سلێمانی و كەركووك، خزمەتی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.  گوتیشی: “لە هەر شوێنێك ئاوارە هەبێت، خزمەتیان دەكەین”.

 

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest