موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 18/1/2026 لە سەرۆكایەتیی دەزگا لە هەولێر، پێشوازی لە كڵاودیا پپ مولێر، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ڕێکخراوی(Peace Village)ی ئەڵمانی كرد.
لەو دیدارەدا باسی كاری پێكەوەیی و هاریكارییە مرۆییەكانی هەر دوو لایەن لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كرا.
خاتوو كڵاودیا، كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو لە بواری هاریكارییە مرۆییەكان بەرز نرخاند.
لە لای خۆیەوە سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سوپاس و پێزانینی بۆ هاوكاری و بەخشینەكانی ڕێکخراوی (Peace Village)ی ئەڵمانی دەربڕی. هاوكات هیوای بەردەوامبوونی خزمەتكردنی مرۆڤایەتی بۆ خواستن.
ڕۆژی دواتر ڕێكەوتی 19/1/2026، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ڕێکخراوی(Peace Village)، سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و، ڕەواج حاجی بەرپرسی مەلەفی سووریا و ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وێڕای ئاماژە كردن بەوەی كە ئێستاش لە بواری چالاكییەكانی پاڵپشتیی دەروونی بۆ منداڵانی ئاوارەی حەلەب لە عەفرین، ڕێکخراوی(Peace Village)ی ئەڵمانی پاڵپشتی سەرەكییە، سوپاسی ئەو هاوكارییە مرۆییانەی ڕێكخراوی ناوبراوی كرد. هاوكات لە وۆركشۆپێكدا بە وردی باسی نووسینگەی عەفرینی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەتایبەتی ئەو چالاكییانە كرد، كە نووسینگەی دەزگا لە عەفرین بە پاڵپشتیی هاوبەش و بەخشەران، خزمەتگوزاریی جۆراوجۆری پێشكەش بە ئاوارەكانی حەلەب لە عەفرین كردووە.
داوای لە بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی ڕێکخراوی(Peace Village)یش كرد، كە بە هۆی بارودۆخی جەنگ و ئاوارەبوون، بەتایبەتی لە سووریا، كە هەندێك خێزان زیاتر لە حەوت جاران ئاوارە بوون، لە ڕێگەی ڕێكخراوە مرۆییەكانی دیكەشەوە هەوڵی گەیاندنی هاوكارییەكان بە خەڵكی لێقەوماو و ئاوارە بدەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی (Peace Village)ی ئەڵمانی، بە چەندین قۆناغ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بەتایبەتی پێشكەش بە منداڵان كردووە و لە ڕابردوودا کۆمەڵێک منداڵی خاوەن حاڵەتی تەندروستیی ئاڵۆز، لە وڵاتی ئەڵمانیا پشکنینیان بۆ کراوە و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
لە قۆناغێکی تازەشدا لە شارەکانی هەولێر و دهۆک ئەو منداڵانە دەستنیشان كران، کە پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی هەیە و دەتوانرێت لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان حاڵەتەکانیان چارەسەر بکرێت.
لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا توانرا کۆمەڵێک منداڵ ببینرێن و بەپێی حاڵەتەکانیان پۆلێن بکرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتووی نزیكدا چارەسەری پزیشکی وەربگرن.
ئا: سالار بابەشێخ






