ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌دوو مانگی رابردوودا هاوكاری جۆراوجۆری پێشكه‌شی (12.901) خێزانی ناو نه‌ینه‌وا و ده‌وروبه‌ری کردووە
راپۆرت: زانکۆ محەمەد
پاش ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی دانیشتووی پارێزگای نه‌ینه‌وا و ده‌وروبه‌ری به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆر‌و تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منی پارێزگاکە، به‌لێشاو خه‌ڵكی ناوچەکە روویان له سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌شێكی خێزانه ئاواره‌كان له‌نێو كه‌مپه‌كانی (خازر و حه‌سه‌نشام و دیبه‌گه)دا كۆكرانه‌وه، به‌شێكیشیان له‌ناو شاره‌كاندا ده‌ستیان به ژیان كرد. پاش نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌كان و هێوربوونه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، په‌یتا په‌یتا خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وا له كه‌مپه‌كانه‌وه روو له‌شوێنی ژیانی پێشوویان ده‌كه‌نه‌وه. ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی جگه له‌وه‌ی له‌نێو كه‌مپه‌كاندا به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام هاوكارییان پێشكه‌ش ده‌كات، هاوكات بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شاره‌كه‌یان، ئۆفیسێكی تایبه‌تی به هاوكاریكردنیان كردۆته‌وه، كه به‌پێی پرۆژه‌و سێكته‌ره‌كان هاوكاری پێویستیان پێشكه‌ش ده‌كات، به‌درێژایی دوو مانگی رابردوو هاوكاری جۆراوجۆر پێشكه‌شی (12.901) خێزان كراوه.
سێكته‌ره‌كانی كاركردن له نه‌ینه‌وا
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی ئۆفیسه‌وه رۆژانه له‌ناو ئازار‌و مه‌ینه‌تیه‌كانی خه‌ڵكی شاره‌كه‌دایه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پرۆژه‌و هاوكاری زیاتر پێشكه‌ش به لێقه‌وماوان و كه‌مده‌رامه‌تان دابه‌ش بكات، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌چه‌ند سێكته‌رێكی جیاوازدا توانیویه‌تی خزمه‌ت بكات كه لێره‌دا به‌پێی چالاكی و رێژه‌ی سوودمه‌ندبووان ده‌خرێته‌ڕوو.
1500 قوتابی سوومه‌ند ده‌بێت
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له یه‌كێك له سێكته‌ره گرنگه‌كانیدا كه سێكته‌ری په‌روه‌رده‌یه، ساڵانه پرۆژه‌ی هاوكاریكردنی قوتابیانی كه‌مده‌رامه‌ت راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م پرۆژه‌یه ته‌نها له‌ناوخۆی كوردستان جێبه‌جێ ناكرێت، به‌ڵكو په‌لی هاویشتووه بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، به‌تایبه‌تیش له پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌مساڵدا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له سێكته‌ری په‌روه‌رده جانتاو پێداویستی خوێندنی پێشكه‌شی (1500) قوتابی كردووه و توانیویه‌تی به‌و هاوكارییه رێگه بۆ قوتابیانی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی خۆش بكات تاكو له پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بن.
هاوكاریكردنی 9140 خێزانی تر
ئه‌م سێكته‌ره خۆی له دابینكردنی پێداویستیه ناخۆراكییه‌كان ده‌بینێته‌وه، به‌تایبه‌تی جلوبه‌رگ و پاره‌ی كاش، له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ مانگی سووری ئیماراتی به دوو قۆناغی جیا له سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، كه‌لوپه‌ل و جلوبه‌رگیان به‌سه‌ر (6.235) خێزاندا دابه‌شكردووه، هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م سێكته‌ره‌دا، پرۆژه‌یه‌كی دیكه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، كه ئه‌ویش دابه‌شكردنی پاره‌ی كاشه كه به‌هاوكاری خێرخوازان و گروپی تاڵب ته‌عمه‌و قونسوڵگه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیمارات به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌و میانه‌شدا به‌درێژایی دوو مانگی رابردوو توانراوه هاوكاری مادی به‌سه‌ر (2.905) خێزاندا دابه‌ش بكه‌ن.
دابه‌شكردنی پێداویستی پاكوخاوێنی
له پارێزگای نه‌ینه‌وا پاش كۆتاییهاتنی شه‌ڕ، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دۆخی پارێزگاکە له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه گونجاو نییه، ئه‌مه جگه له نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان، به‌ڵام ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئه‌م لایه‌نه‌شی له‌بیر نه‌كردووه‌و هه‌وڵیداوه به‌پێی تواناكانی هاوكارییان پێشكه‌ش بكات، له‌م سێكته‌ره‌دا به‌درێژایی دوو مانگی رابروود پارسێڵی ته‌ندروستی كه پێكهاتووه له ده‌یان پێداویستی پاكوخاوێنی پێشكه‌شی (1.750) خێزان كردووه.
خزمه‌تكردنی په‌ككه‌وته‌و خاوه‌ن پێداویستیانی تایبه‌ت
یه‌كێكی تر له‌و سێكته‌رانه‌ی كه ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازیی LDScی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستیه بۆ خاوه‌ن پێداویستیانی تایبه‌ت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له پارێزگای نه‌ینه‌وا پاش ناونوسكردنی خاوه‌ن پێداویستیانی تایبه‌ت، هاوكات خولێكی نیو كاتژمێریی له‌باره‌ی چۆنێتی به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌كان ده‌كرێته‌وه، به‌درێژایی دوو مانگی رابردوو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستی بۆ (19) خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت دابینكردووه.