لە يەك مانگدا زياتر لە 1200 كەس لە خولەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرەڕای نەمانی هاوكاریی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە كردنەوەی خولەكانی پەروەردەیی، پیشەیی، هونەری و…هتد، لەناو كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش بەردەوامە، ئەو خولانەش كاریگەریی بەرچاویان لە ژیانی بەشداربووانی خۆلەكان هەبووە و تەنیا لە مانگی ئایار 1،205 كەس لەو خوڵانە سوودمەند بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ (2026)، جگە لە كردنەوەی خولەكانی فریاگوزاریی سەرەتایی و فریاكەوتنی خێرا بۆ زیاتر لە 750 كارمەند لە هەموو نووسینگەكانی دەزگا و پێشكەشكردنی سیمینارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەركان كە سەدان كەس لێی سوودمەند بوون، لە كەمپەكانی ئاوارە و پەنابەران و لە دەرەوەی كەمپەكانیش 49 خولی پیشەیی، پەروەردەیی، هونەری و نەهێشتنی نەخوێندەواری كردووەتەوە، كە زياتر لە 455 كەس لەو خولانە سوودمەند بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی بەخشەر و خێرخوازانی ناوخۆ و ڕێکخراوەكانی هاریکاربەخش، ڕۆڵی گەورەی لە خزمەتکردنی چین و توێژەکانی(ئاوارە و پەنابەر، خەڵكی لێقەوماو و كەمداهات و كەسانی بێدەرەتان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاکانی عێراق و لە دەرەوەی وڵاتیش) هەبووە.
دەزگا، بە مەبەستی (فێركاری، دروستكردنی بەهرە، ڕەخساندنی دەرفەتی كار و فەراهەمكردنی داهات بۆ تاك و خێزان لە كاتی قەیرانەكاندا)، بایەخی زۆری بە دروستکردنی بنکە و سەنتەرە ڕۆشنبیری و هونەری و پیشەییەکان داوە، کە تیایاندا خول و ڕاهێنانی جۆراوجۆر بۆ فێرخوازان دەکرێنەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی 15 سەنتەری پیشەیی و ڕۆشنبیری بەڕێوە دەبات، كە 11یان لە ناو كەمپی ئاوارە و پەنابەراندان و هەر لە ڕێگەی ئەم ناوەندانەی ڕۆشنبیری و مەشقە پیشەیی و ڕاهێنانەكانیانەوە، ساڵانە بە هەزاران كەس لە خولەكانی(كۆمپیوتەر، كارەبا، دروومانی جلوبەرگ، بەرهەمهێنانی خۆراك، كاری دەستی، ڕستن و چنین و جوانكاری و…هتد) سوودمەند دەبن.
ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest