دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر، لە ڕێکەوتی 17/8/2026، خولی هاوینەی تایبەت بە ئازیزان و منداڵانی شەهیدان لە چوارچێوەی یەکەی ئازیزان و بێهاوژینانی نووسینگەی هەولێر ـ ماڵی ئازیزان دەکاتەوە.
ئەم خولە هاوینەیە بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی بەسوود، پڕکردنەوەی کاتی ئازیزان بە چالاکییە پەروەردەیی و وەرزشییەکان و گەشەپێدانی بەهرە و تواناکانیان بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی ئەم خولەدا، چوار خولی تایبەت لە بوارەکانی مەلەوانی، تایکواندۆ، شەترەنج و مۆسیقا بەڕێوەدەچێت.
بۆ هەر خولێک 10 ئازیز بەشدارن؛ لەوانە 5 کچ و 5 کوڕ، کە بە کۆی گشتی 40ئازیز، لە هەردوو ڕەگەز، لەم خولانە سوودمەند دەبن.
ئامانجی خولەکان:
- مەلەوانی: بەهێزکردنی جەستە، فێربوونی لێهاتوویی خۆپاراستن لە ئاو و بەخشینی وزە و ڕۆحیەتێکی بەرز بە ئازیزان.
- تایکواندۆ: گەشەپێدانی توانای بەرگری لە خۆ، بەرزکردنەوەی بڕوابەخۆبوون و ڕاهێنانی دەروونی لەسەر ئارامگری و دیسپلین.
- شەترەنج: بههێزکردنی بیرکردنەوەی ستراتیژی، زیادکردنی توانای جەختکردنەوە و گەشەپێدانی لێهاتوویی چارەسەرکردنی کێشەکان.
- مۆسیقا: گەشەپێدانی زەوقی هونەری، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەربڕینی هەستە ناوەکییەکان و بەدەستهێنانی ئارامیی دەروونی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکییە پەروەردەیی و وەرزشی و هونەرییەوە، هەوڵ دەدەن، ژینگەیەکی دڵخۆش و پڕ لە هیوا بۆ ئازیزان دابین بکەن و دەرفەتی گەشەپێدانی تواناکان و بەهرەکانیان بڕەخسێنن.












