سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، لەگەڵ شاندێکی یاوەری، سەردانی سه‌رۆكایه‌تیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ده‌كات و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه بڕوای تەواویان بە بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی دوولایەنە هەیە، ئامادەیی خۆشیان بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزاییەکان لە پێناو خزمەتی زیاتردا ده‌رده‌بڕێت.
به‌ڕێز عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، لەگەڵ شاندێکی یاوەری، ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی 9/9/2026 له هه‌ولێر، سەردانی سه‌رۆكایه‌تیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن به‌ڕێز د. ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە گەرمی پێشوازییان لێ‌کرا.
له دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه سه‌ر بارودۆخی مرۆیی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی و سه‌رۆكی شاندی میوان، كار و چالاكییه‌كانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی له ماوه‌ی ڕابردوو به‌رز نرخاند. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵیان له‌گه‌ڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هه‌یه و ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه “له ساڵی 2014 كه دۆخی عێراق به هۆی تیرۆریستانی داعش تێكچوو، خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره بوون و ئه‌م ده‌زگا مرۆییه به دڵكراوه‌یی و به‌په‌له به‌هانایانه‌وه چوون”.
به‌ڕێز عەمار حەکیم، له ته‌ورێكی دیكه‌ی ئاخافتنه‌كه‌یدا گوتی: “بڕوای تەواومان بە بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی دوولایەنە هەیە، بە خۆشحاڵییەوە ئامادەین بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و شارەزاییەکانمان لە پێناو خزمەتی زیاتردا”.
له‌لای خۆیه‌وه جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خۆشحاڵیی خۆی بؤ ئه‌و سه‌ردانه ده‌ربڕی و هیوای خواست، به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی زیاتر و هه‌مه‌لایه‌ن، ئاوڕی جددی و فراوانتر له كه‌سانی نیازمه‌ند و به‌تایبه‌تی ئاواره و په‌رنابه‌ران بدرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی تا ڕادده‌یه‌ك له بارگرانیی دۆخی ژیانیان سووك بكرێت.
به‌ڕێز د. ئیبراهیم سه‌مین، له ته‌وه‌ری باسه‌كانیدا، تیشكی خسته سه‌ر كورته‌یه‌ك له كار و چالاكییه‌كانی ده‌زگا له ساڵانی ڕابردوو، له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی، له‌وانه دابه‌شكردنی زیاتر له 83 ملیۆن دۆلار به‌سه‌ر ئازیزان(منداڵانی بێباوك) و ئه‌و خزمه‌ت و هاوكارییانه‌ی پێكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌ران كراون له هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له‌و بواره‌دا زۆر كه‌مته‌رخه‌مییان كردووه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانه له یادی ڕێوڕه‌سمی ماته‌مێنیی چله‌ی ئیمان حسێن(سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت)، پێشوازی له ده‌یان هه‌زار زیاره‌تكار ده‌كات، شوێنی حه‌وانه‌وه و خواردن و خورادنه‌وه‌یان بۆ دابین ده‌كات و هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ گواستنه‌وه‌یان له هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا ده‌كات. هه‌روه‌ها باسی هاوكارییه جۆراوجۆره‌كانی ده‌زگای بۆ شاره‌كانی مووسڵ، ناسریه، سه‌ماوه، به‌غدا، تكریت، به‌عقووبه و به‌سره و … هتد كرد.
به‌ڕێز عه‌مار حه‌كیم، هه‌موو ئه‌و هاریكارییه مرۆییانه‌ی به‌رز نرخاند و هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه گوتی: “ئێمە بەو پەڕی ڕێزەوە لە هەوڵ و مۆدێلی کارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڕوانین؛ بوونی ڕێکخراوێکی مرۆیی لەم ئاستەدا، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر و گرنگی ئەم قۆناغەیە.”
لە کۆتایی سەردانەکەدا، هه‌ردوولا، قەڵغانی ڕێزلێنانیان بە یه‌كدی پێشکەش کرد.
ئا: سالار بابه‌شێخ






















