ئاهەنگی دەرچوونی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لە هەولێر، یەکێکە لە بۆنە گرنگ و مرۆییەکان کە ساڵانە لەلایەن سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم (سه‌ر به ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی) لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
لەم ڕێوڕەسمانەدا، دەرچوونی ئەو منداڵانە ڕادەگەیەنرێت کە پڕۆسەی ڕاهێنان و شیاندنەوەی زانستی و دەروونییان بە سەرکەوتوویی بڕیوە.
ئاهه‌نگی شەشەمین خولی دەرچووانی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم، له هه‌ولێر ڕۆژی پێنج شه‌ممه ڕێكه‌وتی 17/9/2026 به ئاماده‌بوونی فه‌رزین به‌گزاده، ئیسماعیل عه‌بدولعه‌زیز و كارزان نووری ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕیی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، حسێن فەریق سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، خێزانه‌كان و مامۆستایانی منداڵانی ده‌رچوو و ژماره‌یه‌ك له كاناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چوو.
د. ره‌وشت ڕه‌شید ڕاوێژكاری سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ره‌كانی ئۆتێزم لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، له لێدوانێكیدا بۆ ئاماده‌بووان و كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن، ئاماژەی به‌وه کرد کە توشبووانی ئۆتیزم له جیهان و به کوردستانیشه‌وه ڕێژه‌یان زۆر بووه، ئەوەش بووته هۆی ئەوەی حکوومەت و ڕێکخراوە تەندروستی و خێرخوازییەکان بیر لە ڕێکاری جددی بۆ چارەسەری بکەنەوە. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه: “ئێستا ئاستی چارەسەربوونی منداڵانی توشبوو بە ئۆتیزم لە کوردستاندا به‌راورد به وڵاتانی دەوروبەر، زۆر لە پێشترە کە ڕێژەی چارەسەربوون 35٪ بەرەو سەرەوه‌یه. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه گوتیشی: “لە کۆی 351 منداڵی وەرگیراو لە سەنتەرەکان، تائێستا 103 منداڵیان چارەسەر بوون و خراوه‌نه‌ته بەر خوێندنی ئاسایی”.
د. ڕەوشت له درێژه‌ی ئاخافتنه‌كه‌یدا، باسی کێشەیەکی چاره‌سه‌ری ئۆتیزمی له هه‌رێمی كوردستان کرد، وته‌كانیشی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و پارێزگاری هه‌ولێر كرد و گوتی: “له سەنتەرەکانی ئۆتیزم لای ئێمە تەنیا منداڵانی خوار ته‌مه‌نی شەش ساڵان وەردەگیرێن، بەڵام منداڵی له سه‌رووی تەمەن شەش ساڵیش هەن، كه وەرناگیرێن، بۆیە پێویست ئه‌وانیش شوێنیان بۆ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەم لە چارەسەر بێبەش نەبن، هەمیش لە خوێندن، لە هەمان کاتیش‌دا بخرێنەوە ناو سیستمی خوێندن، کە ئەوەش ئەرکی حکوومەتە و ئێمە وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەی هەموو هاوکارییەکین.”
لەم بۆنانەدا منداڵانی دەرچوو چەندین چالاکی جۆراوجۆری هونەری، میوزیک و نمایش پێشکەش دەکەن کە گوزارشت لە گەشەکردنی تواناکانیان دەکات، له‌م ئاهه‌نگه‌شدا، پۆلێك له منداڵانی ده‌رچووی سه‌نته‌ره‌كه، له نمایشێكدا، فڕینی باڵی هیوای منداڵانی شه‌به‌نگیان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی گه‌ش وێنا كرد. ده‌رچوویه‌كیش توانا و كارامه‌یی خۆی به ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا نمایش كرد.
لە کۆتایی ئاهه‌نگه‌ش له نێوان چه‌پڵه‌ڕێزانی ئاماده بووان، خەڵاتی ڕێزلێنان و دەرچوون له لایه‌ن شامان جومعه به‌ڕێوه‌به‌ری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم له هه‌ولێر، به 20 منداڵی شه‌به‌نگی ده‌رچوو پێشکەش كران.
ئۆتیزم (Autismus)، دۆخێکی پەرەپێدانی مێشکە کە کاریگەری لەسەر شێوازی پەیوەندیکردن، تێگەیشتن لە کۆمەڵگه و هەڵسوکەوتی کەسەکە دەکات.
کەسانی تووشبوو ڕەنگە لە قسەکردن، دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، یان تێگەیشتن لە هەست و ڕەفتاری کەسانی دیكه جیاوازییان هەبێت. هەندێکیان هەستیاری زۆر بە دەنگ، ڕووناکی، دەستدان، یان بۆن هەیە و ڕەنگە حەزی زۆریان بە بابەتێکی تایبەت، یان ڕۆتینێکی دیاریکراو هەبێت.
ئۆتیزم نەخۆشییەک نییە کە بە یەک شێوە لە هەموو کەسێکدا دەربکەوێت؛ بۆیە پێی دەوترێت “سپێکترەم”، واتە نیشانەکان و پێویستییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكه جیاوازن.
بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ئاستی چارەسەربوون و باشتربوونی منداڵانی ئۆتیزم لە کوردستان گەیشتووەتە سەرووی 35٪، ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر باشە لەسەر ئاستی ناوچه‌كه و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خوازیاره په‌ره به‌م توانا مرۆییه بدرێت و هیچ منداڵی و مێرمنداڵێكی تووشبووی ئۆتیزم له ڕاهێنان و شیاندنه‌وه بێبه‌ش نه‌كرێت.
ئا: سالار بابه‌شێخ


























