بە مەبەستی بەرز راگرتنی یادی و ناوی بارزانیی نەمر و بەڵێن دووبارە کردنەوە بە درێژەدان بە رێبازی مرۆڤ دۆستی باوکی رۆحی نەتەوەی کورد، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە یاوەری چەندین رێكخراو و كەسایەتی حكومی تاجە گوڵینەی لەسەر مەزاری نەمران دانا.
لە رێكەوتی 14 ی ئازار 2019 لە 116یەمین یادی لە دایک بوونی بارزانی نەمردا دەزگای خێرخوازیی بارزانی وێڕای رێکخراوەکانی (روانگە، قەندیل، دەزگای ژیان، داما، رێكخراوی LDS، فریاگوزاری ئیسلامی، مانگی سوری قەتەری و پارێزگاری موسەنا سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد. هەر لەو رۆژەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مەزاری نەمران پێشانگایەکی تایبەت بە وێنەی چالاکییەکان و نامیلکەکانی کردەوە.
بەرێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر مەزاری نەمران بەڵێنیدا بەردەوام و درێژەدەری رێبازی پیرۆزی مرۆڤ دۆستی بارزانی نەمر بن، بەڕێز موسا ئەحمەد گوتی: “ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستیمان بە فەلسەفەی بارزانی نەمر هەیە ئەویش فەلسەفەی پێکەوەژیانە. نیشتمانی بارزانی نەمر بووەتە لانکەی پێشوازیی کردن لە ئاوارە و پەنابەران. بە خۆشحاڵییەوە ئێمە تێکۆشەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوە مرۆڤ دۆستەکان بەوپەڕی سەربەرزییەوە لە بەردەم جیهانی مرۆڤایەتیدا نموونەیەکمان پێشاندا کە مرۆڤایەتی شانازیی پێوەدەکات. ئەمڕۆ ئێمە لێرە بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە وەفاداربین بەرانبەر بەم رێبازە و ئەوەی لە توانامان دابێت بیکەین لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو ئامانجانەی بارزانیی نەمر بەدرێژایی تەمەنی بۆی تێکۆشاوە و قوربانی زۆری بۆداوە.”
دواتر پارێزگاری موسەنا بەرێز د. ئەحمەد مەنفا وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: شانازییە ئێمە ئەورۆ لە سەر مەزاری گەورەترین كەسایەتین كە رێبازەكەی مرۆڤدۆستیە و هاوكاری لێقەوماوانە، ئێمە شانازی بە دەزگای خێرخوزی بارزانی دەكەین كە درێژە پێدەری ئەم رێبازەیە”.