كارەساتێک دەبێتە هۆی خنکانی نزیکەی ٢٠٠ کەس
رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢١/٣/٢٠١٩ کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی ساڵی نوێی کوردی، کەشتییەکی گەشتیاری بە هەڵگرتنی زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە ناو رووباری دیجلە لە پارێزگای نەینەوا ژێر ئاو کەوت و بەهۆی ئەو رووداوەوە نزیکەی ٢٠٠ کەس گیانیان لە دەست دا.
ئەم رووداوە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و حکومەتی عێراق ماتەمینی گشتی بەهۆی رووداوەکەوە راگەیاند، لە نێو قوربانییانی ئەم رووداوە ژن و منداڵیش هەن.
هۆکاری نقومبوونی ئەم کەشتیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و زۆری بارانبارینی ئەم دوایەوە بووە و هەروەها زۆری ژمارەی سەرنیشنانی کەشتییەکە یەکێکی دیکەیە لە هۆکاری نقوومبوونی و درووست بوونی ئەم کارەساتە گەورەیە.
لە رووداوەکەدا تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانییانەوە سەرکەوتوو نابن لە رزگارکردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک و لە ئەنجامدا زۆربەی سەرنشینانی کەشتییەکە گیان لەدەست دەدەن.
لە دوای رووداوەکە گەڕان بەدوای قوربانیاندا بەردەوامە و هەتا ئێستا نزیکەی ١٢٠ تەرم دۆزراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٦٠ تەرمی دیکە لە ئاوەکەدا مابنەوە.
چوار تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە دوای تەرمی قوربانیانی کارەساتەکەی موسڵدا دەگەڕێن
دوای کارەساتی ئەم دواییەی موسڵ کە بەهۆیەوە نزیکەی ٢٠٠ کەس بوونە قوربانی و ژێر ئاو کەوتن، ٤ تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی راسپێردران کە بەدوای تەرمی ژێر ئاو کەوتوواندا بگەڕێن.
بەپێی لێدوانی سەرچاوە فەرمییەکان هەتا ئێستا ١٢٠ تەرم لە ئاوی رووباری دیجلەدا دۆزراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٦٠ تەرمی دیکە لە ئاوی رووبارەکەدا مابێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگا لە شوێنی رووداوەکە، چوار تیمی غەواسی ئامادەکرد بە دوای تەرمە بەجێماوەکاندا بگەڕێن.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی قوربانییەکان و بەهۆی ساردی ئاوەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە رووباری دیجلە پڕۆسەی گەڕان خاوتربووەتەوە.