شاری کۆکس بازاڕ لە بەنگلادش بووەتە ماڵی نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری رۆهینگی بۆڕما کە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە وڵاتی بۆڕمایان بەجێ هێشتووە و روویان لە بەنگلادش کردووە.
تیمێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پەنابەرەکان سەردانی وڵاتی بەنگلادشیان کرد، لە بەدواداچوونەکاندا کێشە و گیروگرفتەکانی پەنابەرانی موسڵمانی بۆڕما لە ناو کەمپی کوتوپالۆنگی شاری کۆکس بازاڕ لە بەنگلادش دیاری کران و بڕیاردرا کە بنکەیەکی تەندرووستی لە کەمپەکەدا بکرێتەوە.
کێشەی تەندرووستی لە کەمپی کوتوپالۆنگ مەترسی لە سەر ژیانی ٧٠٠ هەزار پەنابەری دانیشتووی کەمپەکە درووست کردووە، ئەم بنکە تەندرووستییە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێکخراوی مێد گڵۆباڵەوە بۆ پەنابەران لە کەمپەکەدا دەکرێتەوە.
لەم بنکەدا پشکنین و چارەسەری تەندرووستی پێشکەشی پەنابەرەکان دەکرێت و هەوڵ دەدرێت لە رووی تەندرووستییەوە ئاسایشی ژیانی پەنابەرەکان دڵنیایی زیاتری هەبێت و رۆژانە چارەسەر پشکنین بۆ ٥٠٠ نەخۆش تیایدا دەکرێت.
هەر لەمیانی پڕۆژەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ خزمەتکردنی پەنابەرانی رۆهینگی بۆرما لە بەنگلادش، خوانی بەربانگ لەلایەن تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پێشکەش بە بەشێک لە پەنابەرەکان کرا.
کەمپی کوتوپالۆنگ لە وڵاتی بەنگلادش دەکەوێتە سنوری بۆڕما و زیاتر لە ٧٠٠ هەزار پەنابەری تێدا نیشتەجێیە و گەورەترین پەناگەی پەنابەرانە لە سەرتاسەری جیهاندا. گەورەترین کێشەکان لەم کەمپەدا لە سێکتەری پاکوخاوێنی و تەندرووستیدایە. لە ٦٠٪ ئاوی کەمپەکە پیسە و بەکەڵکی خواردنەوە نایەت و رێژەی نەخۆشییە قورس و مەترسیدارەکان یەکجار بەرزە. دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین رێکخراوە لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق هاوکاری گەیاندووەتە ئەم کەمپە.