میری کورد (امیر الفهري) بە مەبەستی کردنەوەی قوتابخانەیەکی ئەوروپی لە کەمپی دۆمیز سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەگەڵ بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگا کۆبووەوە و لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە رێزلێنانی پێشکەش کرا.
(امیر الفهري) لە تەمەنی 15 ساڵیدا بووەتە کەسێکی سەرکەوتوو و توانیوتەی 25 خەڵاتی ئەدەبی جیهانی وەربگرێت و لە ئێستاشدا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە کۆلێژی پزیشکی لە فەڕەنسا وەکوو بچووکترین قوتابی دەست بەخوێندن بكات.
ئەمیر لە شاری سوسە لە باوكێكی تونسی و دایكێكی كورد لە دایك بووە، تەمەنی منداڵیەتیی بە ئازار چەشتووە، لەگەڵ خێزانەکەی كۆچ دەكات بۆ فەرەنسا و قۆناغێكی نوێ لە ژیانی دەست پێدەكات، پاش ئەوەی كتێبێكی بە فەرەنسی بە ناوی (چیرۆكەكانی میر) بلاوكردەوە، فرانسۆ هۆلاند سەرۆكی پێشووی فەرەنسا نامەیەکی دەستخۆشی و هاندانی بۆ دەنێرێت.
هەتا ئیستا 3 لە بەرهەمەكانی لە ناوەندە فەرەنسیەكان چاپ كراوە کە دواینیان كتێبی (تەحەروش) بوو، هەروەها چوار دەستنووسی ئامادەیە بۆ چاپكردن، توانیویەتی 25 خەڵاتی جیهانی وەربگرێت لە چەندین وڵات وەكوو فەرەنسا و چین وویلایەتە یەكگرتوەكان.
ئەمیر بەشداری دەكات لە چەندین چالاكی دەربارەی منداڵ وكێشەكانی بەتایبەت مندالانی هەژار و پەنابەر و بێبەش لە خوێندن وقوربانی توندوتیژی و ناكۆكی. چەندین پڕۆژەی بۆ یارمەتی دانی منداڵان پێشکەشی وڵاتان کردووە.