کۆنفڕانسی ئایندەی پێکەوە ژیان دوای داعش

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رێکەوتی ٢١/٩/٢٠١٩ هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی ئاشتی، کۆنفڕانسی ئایندەی پێکەوە ژیان دوای داعشی بەڕێوەبرد و تیایدا دوو توێژینەوەی بڵاوکردەوە.

لەم کۆنفڕانسەداوەزیرانی ناوخۆ و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان بەشداربوون.

کۆنفڕانسەکە لە دوو پانێلدا بەڕیوەچوو و لەهەرکام لە پانێلەکاندا تیشک خرایە سەر ئایندەی پێکەوە ژیان و رۆڵی ئاینەکان لە پێکەوە ژیاندا.

لە دەستپێکی کۆنفڕانسدا بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: “ئەمڕۆ ٢١/٩ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانی ئاشتی ناوزەد کراوە، ساڵانە بەمەبەستی یادکردنەوەی ئەمڕۆژە زەنگی ئاشتی لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لێ دەدرێت. زەنگەکەش لەو دراوە ئاسنانە درووستکراوە کە منداڵانی نەتەوە جیاوازەکان بەخشیویانە بۆ کاری مرۆیی. لەم رۆژەدا داوای راگرتنی شەڕ دەکرێت هەتاکوو لە بری توندوتیژی هاوکاری مۆریی بگەیەنرێتە خەڵکی سیڤیل”.

بەڕێز موسا ئەحمەد لە درێژەی وتەکانیدا گووتی:” دەمانەوێت وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی رۆڵمان هەبێت لە چالاککردنی هەوڵەکانی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا، ئەنجامدانی ئەم توێژینەوانە و ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسە بەشێکن لەو هەوڵە مرۆییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گومانی تێدانیە کە ئەمڕۆ ناوچەی ئێمە زیاتر لە هەرناوچەیەک پێتڤی بە پەروەردەی ئاشتەوایی هەیە بۆ نەهێشتنی شەڕ و توندوتیژی ، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان رەنگ و روخساری جارانی بۆ بگەڕێتەوە”.

لە درێژەی کۆنفڕانسەکەدا بەڕێز پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەردەم دەست پێشخەر بوو لە کاروچالاکییەکان بەتایبەتی لەکاتی تەنگانەدا و هاوکاری باشی ئاوارە پەنابەرانی کردووە لە سەرتاسەری عێراقدا.

سەبارەت بە مێژووی پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێز پشتیوان سادق گوتی:” مێژووی پێکەوەژیانی ئاینەکان لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بۆ درووستکردنی شارستانیەت لەم وڵاتەدا ئاینەکان رۆڵی گرنگیان هەبووە.”

لەم کۆنفڕانسەدا توێژینەوەکانی (٤٤ ژنە رزگاربووی بندەستی داعش) و (ئایندەی کریستیانەکان لە عێراق) بڵاوکرایەوە کە بەرهەمی بەشی راگەیاندن و توێژنەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی‌یە. لەسەر وێبسایتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی توێژینەوەکان بەردەست دەبن بۆ خوێندنەوە و بەکارهێنانیان وەکوو سەرچاوەی مرۆیی.

کارەکانی کۆنفڕانسەکە لە دوو پانێلدا بەڕێوەچوون، پانێلی یەکەم لە ژێر ناونیشانی ئایندەی پێکەوەژیان لەلایەن بەڕێزان (م. عەبدولرەحمان سدیق نووسەر و توێژەر، حەمید موراد سکرتێری کۆمەڵەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ و دکتۆر دیندار زێباری رێکخەری وەڵامدانەوەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان) پێشکەش کرا و بەڕێز (دکتۆر چەواس حەسەن) بەڕێوەبەری ئەم پەنێلەبوو.

پەنێلی دووهەمی کۆنفڕانسەکە بەناوی (رۆڵی ئاینەکان لە پێکەوە ژیان) بەڕێوەچوو، بەڕێزان (پیر خدر ئەندامی لێکۆڵینەوەی ناوەندی ئێزیدناسی لە ئەڵمانیا، مەلا جەعفەر ئەندامی لیژنەی فتوا و مەترانی رەبان القس ئەبریشەی زاخۆ – ئامێدی) پەنێلیستانی ئەم برگەیە بوون بەڕێز دکتۆر ئادەم بێدار ئەم پەنێلەی بەڕێوەبرد.

جێگای پێزانینە لە کۆنفڕانسەکەدا مەراسیمی واژۆکردنی کتێبی (بەسەر هاتەکانی دۆزخی داعش) بەڕێوەچوو، ئەم کتێبە لەلایەن خاتوو ریسالە شەرکانی نووسراوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەئەستۆ گرتووە.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest