بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی هەرێمی کوردستان و بە سپۆنسەری و ھاوكاری دەزگای خێرخوازی بارزانی پڕۆژەی كردنەوەی كتێبخانەی چاکسازی لە گرتووخانەكانی ھەرێمی كوردستان راگەیەندرا.
رێکەوتی ٢٤/٧/٢٠١٩ لەو چوارچێوەیەدا كتێبخانەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان و منداڵانی ھەولێر كرایەوە كە زیاتر لە 5 ھەزار كتێب لە خۆ دەگرێت و بۆ بەندکراوان دابین دەکرێن.
بەڕێز موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: “ئومێد دەكەین كە كتێبخانەی گرتووخانەكان تەنھا شوێنی كتێب خوێندنەوە نەبن، بەڵكو سەنتەرێكی توێژینهوه بن بۆ ئەو كەسانەی لە زیندانەكانن، ھیواخوازین ئەو كتێخانانە ببنە شوێنی گفتوگۆی جدی و پڕۆژە و ھەل بڕەخسێندرێ، خەڵك لە زانكۆ و ناوەندەكانی دیكە بێن و گفتوگۆ لەگەڵ زیندانییەكان بكەن”. لە درێژەدا گوتی: “ئێمە وەکوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆشحاڵ و سەربەرزین کەلە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیەدا ڕۆڵمان هەیە و هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم دەزگایەوە، ئەمە یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانمان بووە کە چۆن بتوانین ببینە پردێک لە نێوان خەڵکی دەوڵەمەند و خێرخواز خەڵکی هەژار هەتا بتوانین بۆشاییەکان پڕ بکەینەوە”.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی: “ئێمە بەڵێنی ئەوەش دەدەین کەلە جێبەجێکردنی پرۆژەی لەم چەشنە بەردەوام بین، چونکە ئەمە خواستی سەرەکیی دەزاگی خێرخوازیی بارزانی بووە و بۆ مەبەستی خێرخوازی و یارمەتیی خەڵک دامەزراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخێک کە هاتووەتە پێش و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەر کە روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، وایان کرد کە ڕۆڵی ئەم دەزگایە لەمجۆرە چالاکییانەدا کەمتر بەدی بکرێت و زیاتر بپەرژێینە سەر چالاکییە مرۆییەکان و خزمەتی ئاوارە و پەنابەران”.