مەسرور بارزانی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی دروست بووه

دەقی وتاری رێزدار مەسرور بارزانی بۆ راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی چالاکیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی دروست بووه، لەو پێناوەشدا، ساڵ لە دوای ساڵ، لە سێكتەری جیاوازدا، خزمەتی زیاتری خەڵکی ئاواره و پەنابەر و ئەو کەسانەی كردووه، کە پێویستیان بە هاوكاری هەبووە.

كاری خێرخوازیی خەسڵەتێكی مرۆڤانەیە، بۆیە هەر تاكێكی تەندروستی نێو کۆمەڵگە، هەنگاو بۆ بەهێزكردنی لایەنی مرۆڤدۆستانەی خۆی دەنێت، کۆمەڵگەی كوردستانیش یەكێك لەو كۆمەڵگانەیە، لە دێرزەمانەوە رۆحیەتی مرۆڤدۆستانەی بەهێز بووه، هەمیشە دەستی هاوكاری بۆ خەڵکی لێقەوماو و كارەساتبار درێژكردووه، لێبوردووانه یارمەتی پێشکەشی ئەو کەسانە كردووه کە پێویستیان پێ هەبووە، بێ گوێدانه ئاین و نەتەوە و رەگەزی کەسەکان. ئەم رۆحییەته جوانەش، سروشی لە رێبازی (بارزانیی نەمر)ەوە وەرگرتووە. دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ساڵی 2005دا، بۆ ئۆرگانیزەكردن و بەهێزكردنی ئەو خەسڵەته جوانەی خەڵکی كوردستانه، لە كاری مرۆیی.

هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە میانی پێشکەشكردنی یارمەتی بۆ ئەو کەسانەی کە پێوستیان بە یارمەتی هەیە، هەوڵیداوه ببێته پردێك لە نێوان خێرخوازان و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، سەربەرزین کە توانیمان ئەو متمانەیە دروست بکەین، رۆژ لە دوای رۆژیش، پردی پێوەندی نێوان ئەو دوو توێژه پتەوتر بکەین.

جگە لە جەنگ، رووداوە سرووشتی و نەخوازراوەکان، بەردەوامن و تواناکانی رێگرتن لە روودانیشیان کەمن، بۆیە بەردەوام چاوەڕێی ئەوە دەکرێت، رێژەیەک لە خەڵکی لێقەوماو و زیانلێکەوتوو هەبێت، تا ئەو رووداوانە هەبن، قوربانی و لێقەوماو دەبێت، بۆیە کاری خێرخوازیی پێویستییەکی حەتمی دەبێت و ئێمەش بەردەوام دەبین، لەو ئەرکە مرۆییانە.

كار و چاالكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی 2018دا بە ئاستێك فراوانبووه، کە بەشێکی بەرچاوی ناوچه زیان لێکەوتووەكانی عێراق و سووریای گرتۆتەوە، تیمەكانی دەزگا، هاوكاری سەرەتاییان پێشکەشی ئەو کەسانە کردووە، کە بە هۆی شەڕەوه، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووه و پەڕاگەندەی ناوچەکانی دیکە بوون، لەم ڕووەشەوە هەوڵدراوە کارە مرۆییەکانی دەزگاکەمان، سنوورەکان ببڕێت و چ لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمیی، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە پێی توانا، هاوکاری لێقەوماوان بکات.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بواری پێشکەشكردنی هاوكاری تێیدا فراوانه و لەم ساڵدا توانرا، لە 11 سێكتەری كاری مرۆییدا وەک (هاوكاری خۆراكی، چاودێری ئازیزان، پەروەردە، تەندروستی، خاوەن پێداویستی تایبەت، هاوكاری ناخۆراكی، شێڵتەر، ژیانەوانی، پاراستنی کەسایەتی و …. هتد) هاوكاری پێشکەش بکرێت.

بەداخەوه بەهۆی ئەو شەڕ و كوشتارەی، بەسەر خەڵکی سڤیلی هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریا دا سەپێنراوه، بەتایبەتی لە هێرش و داگیرکارییەکانی داعش، ماڵوێرانی زۆر کەوتۆتەوه و خەڵکی سڤیل بوون بە قوربانی، هەزاران منداڵ بێباوك و هەزاران ژن بێ هاوسەر مانەوە، رێژەیەکی زۆر لەو لێقەوماوانە، بۆ پاراستنی گیانیان روویان كرده ناوچه ئارامەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق. هەر ئەوکات، سەرۆک مەسعود بارزانی، دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد، تاکو هاوکاری لێقەوماوان بکەن، ئەمەش بووە هۆی زیاتر حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان.

سوپاس بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵکه دڵسۆزەکەی، سەرەڕای قەیرانی سەختی ئابووری، بەردەوامبوون لە هاوكاریكردنی خەڵکی لێقەوماو، سوپاس بۆ وڵاتانی هاریكاربەخش و رێكخراوه مرۆییەكان، کە لەم ساڵدا بە‌‌ردەوام بەهانای ئاوارە و پەنابەرانەوە هاتن و پێداویستی سەرەتایی ژیانیان بۆ دابینكردن، سوپاس بۆ بەرپرس و کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کە ئەرکی کەموێنەی خۆیان بەجێهێنا، لە هاوکاریکردنی هەموو ئەوانەی، پێویستیان بە هاوکاری بووە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئەوەی کە ئاواره و پەنابەرەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوكار و هەماهەنگی لایەنەکانی پێوەندیدار دەبێت، بەڵام هەتا ئاوارەکان لە نێو کەمپەكاندابن، بەردەوامدەبین لە پێشکەشكردنی هاوكارییان و كار بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شەرەفمەندانەیان دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش چاومان لێیە رێكخراوه نێودەوڵەتییەكان زیاتر هاوكارمان بن.

سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest