رۆژانە لە رێگای هێڵی گەرمی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دەیان خێزانی هەژار و کەمدەرامەت پەیوەندی دەگرن بە مەبەستی دابینکردنی هاوکاری خۆراکی بۆیان.
دوای داخستنی بازاڕ و رێگریکردن لە هاتووچۆی هاوڵاتییان بە مەبەستی زیاتر بڵاو نەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ، پارێزگای هەولێر لە رێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە هێڵی گەرمی راگەیاند بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری خۆراکی بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان لە هەولێر و دەوروبەری.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پاش وەرگرتنی زانیاری تەواوی خێزانەکان، راستی و درووستی داتاکان لە رێگای تیمی بە دواداچوونەوە پشتڕاست دەکەنەوە و پاشان ماڵ بە ماڵ هاوکارییەکان دەگەیەنننە ئەو کەسانەی کە پێویستییان پێیەتی.
لە رۆژی یەکەمی ئەم هەڵمەتەدا (166) خێزان لەم هاوکارییانەی دەزگا سودمەند بوون و ئەم هەڵمەتە بە درێژایی رۆژانی قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە ناو شار بەردەوام دەبێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایدەگەیەنێت، ئەم هاوکارییانە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە رێگای هێڵـی گەرمی ٠٧٥٠٢٠٦١٥١٥ ەوە پەیوەندی دەگرن و لە رۆژانی داهاتووشدا هەوڵ دەدرێت لە بەهاوکاری لەگەڵ کەسانی خێرخواز و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش بەردەست بکرێت.
دەزگا داوا لە دەوڵەمەندان و خێرخوازانیی کوردستان دەکات، پشتیوانی ئەم پڕۆژەیە بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین کەسی هەژار و کەمدەرامەت تێیدا سوودمەند ببن.