دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی لە بەریتانیا وەکوو رێکخراوێکی خێرخوازی مۆڵەتی کارکردنی پێدرا

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنی رێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیا مۆڵەتی کارکردنی بەدەست هێنا و لەو بارەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە پێگەی نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی پەیوەندی لە نێوان دەزگا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە قۆناغ و پلانی داڕێژراو توانیویەتی ببێتە ناوێکی ناسراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لە ئێستادا دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک رێکخراوێکی کوردستانی و نیشتیمانی کاریگەرییەکی بەھێزی لە ناوخۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھەیە.

شێوازی کارکردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ناوچەیەکی پڕ لەکێشە و گرفت بەپێی ستانداردە نێودەولەتیەکان و بەبێ جیاکاری لە نێوان (نەتەوە، ئاینی و ئایدیای سیاسی) وایکردووە، ببێتە جیگەی تێڕامانی رێکخراو و ناوەندە جیھانیەکان، لە نوێترین دەستکەوتدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەفەرمی مۆڵەتی کارکردنی لەلایەن کۆمیسۆنی رێکخراوە خێرخوازییەکانی بەریتانیا پێبەخشرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەوڵدەدات خزمەتی زیاتر بە کۆمەڵگای کوردستانی لە بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەوروپا بکات، لە ھەمانکاتیشدا دەزگا لەرێگەی پاڵپشتی و ھاوکاری کوردانی تاراوگە، دەتوانێت خزمەتی زیاترو باشتر بە کوردستانیان بکات لە ھەموو شارو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و جیھان.
دیارە بە وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەندامیەتی دەزگا لە رێکخراوی ECOSOCی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان خزمەتی زیاتر بە ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەگشتی دەکات .
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و دۆستانمان لە ھەموو جیھان دەکەین.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی

13/4/2020

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest