تووشبووەکەی دارەشەکران لە ناو کەمپ نەبووە

پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستان کە دانیشتووی کەمپی دارەشەکرانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستانە، توشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ بووە، بەڵام ئەم تووشبووە بۆ ماوەی ٩ رۆژە بە مەبەستی کارکردن لە کەمپ چووەتە دەرەوە و لەو ماوەیەدا بە هیچ شێوەیەک سەردانی کەمپی نەکردووە و مەترسی لەسەر دانیشتووانی کەمپەکە نیە.

لە رێکەوتی ١٨/٤/٢٠٢٠ ئەو پەنابەرە بە مەبەستی کارکردن لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی کوردستان داوای لە بەڕێوەبەایەتی کەمپی دارەشەکران کردووە کە کەمپەکە بەجێ بهێڵێت و پێی راگەیەندراوە کە لەماوەی کەرەنتینەدا بۆی نیە بگەڕێتەوە کەمپ. ئەم رێوشوێنە بۆ سەرجەم دانیشتوانی کەم جێبەجێکراوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.

پاش ٩ رۆژ لە جێهێشتنی کەمپ، پەنابەری تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ کەمپ داوایەک پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی دارەشەکران دەکات و داوای لێدەکرێت تێستی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بکات، پێش ئەوەی بتوانێت بێتەوە ناو کەمپەکە. دوای تێستی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەرکەوت کە ئەو پەنابەرە یەکێکە لە هەڵگرانی ڤایرۆسەکە و رێگری کرا لە گەڕاندنەوەی بۆ ناو کەمپی دارەشەکران و بەو پێیەش هەتاکوو ئێستا دانیشتوانی کەمپەکە مەترسی تووشبوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان لەسەر نیە و قەدەغەی هاتووچۆش هەتا بەتەواوەتی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەوام دەبێت.

تێستی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ خێزانی ئەو تووشبووەکراوە و ئەوڕۆ رێکەوتی 27/4/2019 بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تێست بۆ دانیشتوانی کەمپی دارەشەکران دەکرێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest