کۆنگرەی گەنجانی نێودەوڵەتی بۆ کاری خۆبەخشی لە موسڵ بەڕێوەدەچێت

بە پاڵپشتی و چاودێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نوێنەری تیمە خۆبەخشییەکان و چالاکوانان لە رۆژی جیهانی خۆبەخشی کۆنگرەی یەکەمی کاری خۆبەخشییان لە پارێزگای نەینەوا بەڕێوەبرد.

رێکەوتی ١٠/١٢/٢٠٢٠ لە شاری موسڵ لە ژێر دروشمی “ماراسۆنی خۆبەخشی، خۆبەخش یەکەم جار وەڵام دەداتەوە”، نوێنەری تیمە خۆبەخشەکان و چالاکوانان بە هاوکاری دیوانی پارێزگاری نەینەوا و بەڕێوەبەری ورزش و لاوانی نەینەوا و تۆڕی جیهانی بۆ ئاشتی و بە چاودێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی کۆنگرەی یەکەمی گەنجانی نێودەوڵەتی بۆ کاری خۆبەخشی بەڕێوە چوو.

ئەم کۆنگرەیە بە بەشداری بەڕێز سیروان رۆژبەیانی جێگیری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا و سەرۆکی زانکۆی تەکنیکی باکور و کۆمەڵێک کەسایەتی لە پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو و لە کۆنگرەکەدا چەندین مژار لە چوار چێوەی وتار و گفتوگۆدا تاوتوێکران و لە ناواخنی بەرنامەکاندا چەندین هۆنراوە وترانەوە.

کۆنگرەکە لە دوو پەنێل پێکهاتبوو، پەنێلی یەکەم تەرخان کرابوو بۆ خۆبەخشان و باسکردنی رۆڵ و چالاکیان لە کۆمەڵگادا. پەنێلی دووەمی کۆنگرەکە تەرخانکرابوو بە بەرپرسانی حکومی شارەکە و تیایدا ئاماژەیان بە رۆڵی خۆبەخشان لە گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شاری موسڵ و پاڵپشتکردنی حکومەت کرد و کاری خۆبەخشانیان بەرز نرخاند.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest