بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارە خێرخوازییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەڕێز هێمن هەورامی جێگیری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان کرد.
رێکەوتی ٢٩/١١/٢٠٢٠ شاندێک لە پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی بەڕێز هێمن هەورامی سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لە لایەن بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگاوە پێشوازییان لێکرا.
لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی مرۆیی ناوچەکە کرا و کێشە و قەیرانەکانی ئەم دواییانە و چۆنیەتی باشترکردنی هاوکارییە مرۆییەکان خرایە روو، لە گفتوگۆی نێوان شاندی پەرلەمانی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژە بە رۆڵی رێکخراوە مرۆییەکان و گرنگی هەماهەنگی لە نێوانیان کرا، هەروەها کۆمەڵێک بابەتی یاسایی لەسەر کاروباری مرۆیی وروژێندرا کە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکاندا کاری لەسەر بکەن.
بەڕێز هێمن هەورامی ستایشی کارە خێرخوازییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە جێگای شانازییە رێکخراوێکی مرۆیی کوردی بەو شێوەیەکی شەفاف و چالاکانە لە بوارەکەدا پێشەنگە و توانیویەتی خزمەتێکی بەرچاو بە خەڵک بکات.
