دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەساڵی 2020 لە 11 سێكتەردا 60 پرۆژەی ئەنجامداوەو 6 ملیۆن كەسی سوودمەند كردووە
لەساڵی 2021دا پرۆژەی سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم و ماڵی بارزانی و هاوكاری 15 هەزار منداڵی ئازیز جێبەجێ دەكات
رێككەوتی 30/12/2020 لە سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەشاری هەولێر، لە پرێس كۆنفرانسێی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی كەناڵەكانی راگەیاندن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆی پرۆژە خێرخوازیی و مرۆییەكانی لەساڵی 2020 بۆ رای گشتی دەخاتەڕوو و لەگەڵ ئاماژەدان بەو پرۆژە گرنگدانەی كە بڕیارە لە ساڵی نوێی 2021دا جێبەجێی بكات.
خستنەڕووی پرۆژەكانی 2020
ئەو پرۆژانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەساڵی 2020 لەپێناو خزمەتكردنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان و هەروەها بۆ ئاوارەو پەنابەران و دانیشتوانی ناوچەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دەرەوە ئەنجامیداون بریتین لە (60) پرۆژەی گەورە كە بەهۆی ئەم پرۆژانەوە (6,054,340) كەس سوودمەندكراون.
لە دەستپێكی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی كەناڵەكانی راگەیاندن و میدیاكانی كرد كە بەردەوام هاوكار و هەماهەنگی پرۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوونە. هەروەها تیشكی خستەسەر ساڵی 2020 كە سەرەڕای قەیران و كێشەكان، توانیومانە هاوكاری جۆراوجۆر پێشكەشی خەڵكی كوردستان و عێراق و ئاوارەو پەنابەران بكەین. هەروەها لە دەرەوەی وڵاتیش كار وچالاكییەكانمان بەردەوامن لەپێناو دروستكردنی پردی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ رێكخراوە كۆمەكبەخشەكانی جیهان.
بەڕێوەبردنی 30 كەمپ
لەبارەی بەڕێوەبردنی كەمپەكان و ئەو پرۆژانەی لەنێو كەمپەكاندا بۆ پەنابەرو ئاوارەكان ئەنجامی دەدات، سەرۆكی دەزگا رایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكەمین رێكخراوی ناحكومییە لە هەرێمی كوردستان و عێراق كە ئەركی بەڕێوەبردنی 30 كەمپی ئاوارەو پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات
پرۆژەكانی دەرەوەی كوردستان
جگە لەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە (13) شاری عێراق و هەرێمی كوردستان كاری كردووە، هاوكات چەندین ساڵە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵیداوە پرۆژەی گرنگ لە دەرەوەی وڵات و لەوڵاتانی دیكە بۆ لێقەوماوان ئەنجام بدات، لەساڵی 2020 توانیویەتی لەڕێگەی كۆنتاكتەكانیەوە چەندین پرۆژە لە وڵاتانی (یەمەن، سووریا، ئوسترالیا، لوبنان، عێراق، بەریتانیا) ئەنجامداوەو رێژەیەكی بەرچاو لە كەس و خێزانی سوودمەندكردووە.
پرۆژەكانی ساڵی 2021
سەبارە بەو پرۆژانەی كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەساڵی نوێی 2021، لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا باس لەوەكرا: لەساڵی نوێ سەنتەری ئیماراتی بۆ نەخۆشی ئۆتیزم لە شاری هەولێر دەكرێتەوە كە تیایدا منداڵانی نەخۆشی ئۆتیزم لە خۆدەگرێت و لەو سەنتەرەدا راهێنان و وانەی تایبەت بە فێربوون پێشكەش دەكرێت. هەروەها پرۆژەی لەچوارچێوەی پرۆژەی زەكاتدا هاوكاری بە خێزانی كەمدەرامەتان دەكرێت، هەروەها كردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی لەسەر قەڵای هەولێر، بەناوی مۆزەخانەی بارزانی كە تیایدا كولتور و كەلوپەل و بەڵگەنامەی تایبەت بە مێژووی خەباتی بارزانیی نەمر و گەلی كورد بەشێوەیەمی مۆدێرن دەخرێتەوە. هەروەها لە بەرنامەدایە لەساڵی نوێدا هاوكاری (15) هەزار منداڵی ئازیزی بێباوك دابەش دەكات. لەچوارچێوەی كردنەوەی سەنتەرێك بۆ ئافرەتان و منداڵانی رزگاربووی بندەستی داعش بەهاوكاری رێكخراوی ئێڵ دی ئێسی خێرخوازیی ئەمەریكی دەكاتەوەو خزمەتیان دەكرێت. لەساڵی ئاییندەدا لەبەرنامەی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا سەنتەرێكی (دایك) بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكاتەوە، لەچوارچێوەی كارەكانیدا هاوكاری تایبەت پێشكەش بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت پێشكەش دەكات. لەگەڵ پرۆژەی دروستكردنی (پەلی دەستكرد) بۆ ئەو كەسانەی كە بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە. هەروەها لە سێكتەری تەندروستیدا، خزمەتی بەرچاو پێشكەش بە دانیشتوانی كەمپەكان دەكرێن، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەیەك لە خەلیفان بۆ دانیشتوانی ناوچەكە كە سوودێكی باشی بۆیان دەبێت.
سوودمەندانی پرۆژەكان بەپێی سێكتەرەكان
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە (11) سێكتەری جۆراوجۆری خێرخوازیی و مرۆییدا كار دەكات، لەو میانەشدا لەساڵی (2020) لەچوارچێوەی سێكتەرەكانیدا (60) پرۆژەی گرنگی ئەنجامداوە و تیایدا سوودمەندان بەم جۆرەبوونە، لە سێكتەری پەروەردە كە خۆی لە دابینكردنی پێداویستی خوێندن و قوتابخانەكان دەبینێتەوە (27,642) كەسی سوودمەند كردووە، هەروەها لە تەندروستی كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشكەشیكردووە تیایدا (311,439) كەس سوودمەندبوون، هەروەها (2,058) كەس لە سێكتەری هەلی كارو ژیانەوانی و (40,056) كەس یارمەتی نەختینەیان وەرگرتووە، (4,548,214) كەس لە هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی كەمپەكان و (74,811) كەس لە ئاو و ئاوەڕۆ و (80,284) كەس لە وەرگرتنی كەلوپەلی ناخۆراكی سوودمەندبوون، (1,003,532) كەس خۆراكیان بەسەردا دابەشكراوە، (1,673) كەسیش لە سێكتەری پاراستندا هاوكاریان وەرگرتووە. هەرچی سێكتەری پەرەپێدانە (581) كەس لە خول و راهێنانی جۆراوجۆرا سوودمەندكراون.