لە ژێر چاودێریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بارزانی بۆ شەترەنج لە هەولێربەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 200 یاریزانی نێودەوڵەتی لە 15 وڵات بەشداری تێدا دەكەن.
لە ژێر چاودێریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوكاریی یانەی ئەسپسواریی نێودەوڵەتیی هەولێر و یانەی شەترەنجی خانزاد و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتێی شەترەنجی عێراقی لقی هەولێر، بە بۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی (مستەفا بارزانی)ی نەمر، لە ڕێكەوتی 14\3\2025 پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بارزانی بۆ شەترەنج كرایەوە. ئەم پاڵەوانێتییە لە فیدراسیۆنی شەرترەنجی نێودەوڵەتی تۆمار كراوە و بۆ یەكەمین جارە بە شێوازی گرووپ لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەنجام بدرێت.
ئەم پاڵەوانێتییە ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە و زیاتر لە 200 یاریزانی نێودەوڵەتی (لە هەردوو ڕەگەز) لە 15 وڵاتی بیانی و كوردستان و عێراق تێیدا بەشدار بوون. پاڵەوانیەتییەكە بە دوو دوو گرووپی (A ,B) دابەش كرابوو، گرووپی B تایبەت بە یاریزانانی لاوان و كچان بوو.
پاڵەوانیەتییەكە بە سیستمی سویسری (فیشەر) بە 9 ڕاوەند بە كاتی 10 خولەك و بە زیادبوونی 10 چركە بۆ هەر یاریزانێك بەڕێوە چوو.پاڵەوانیەتییەكە بە سەرپەرشتیی ناوبژیوانانی نێودەوڵەتیی كورد لە یانەی ئەسپسواریی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو. تەمەنی بەشداربووانی پاڵەوانیەتییەكە ( 6 تا 70 ساڵ) بوو، 44%یشیان ئافرەت بوون.
ڕێکخەرانی پاڵەوانێتییەكە خەڵاتی داراییان بۆ یاریزانە یەکەمەکان بە بڕی 13،500،000 دیناری عێراقی ئامادە کردووە،.








