دامەزراندن و کردنەوەی سەنتەرەکان لە کەمپی پەنابەران – ٢٠١٣

یەكێكی دیکە لەو پرۆژانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەنابەرانی كەمپەكان ئەنجامیداوە دروستكردنی چەندین سەنتەری رۆشنبیری و پیشەیی بوو، لە پێناو دووركەوتنەوەی تاكی پەنابەر لەو كێشە و ئاریشانەی لەسەروەختی ئاوارەبوونیاندا بەسەریانداھاتووە و ھاوكات دەرفەتێكی گرنگیش بوو بۆ دۆزینەوەی ھەلی كار و فێربوونی پیشەیەك بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی نوێ لەناو كەمپەكاندا.
لەسەرەتا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەتەنیا ئەم سەنتەرانەی دامەزراند دواتر بەھاوكاری چەندین رێكخراوی جیھانی و كۆمەكبەخش ئەم پرۆژەیەی فراوانتر کرد، كە كاریگەری زۆر باشی لەسەر پەنابەران دروستكرد. لێرەدا بەپوختی باس لە مێژووی دروستبوونی سەنتەرەكان دەكەین:

سەنتەری نورەدین زازا – كەورگۆسك
دوای ھەڵدانی چادرێك بۆ كۆكردنەوەی گەنجان له كەمپی پەنابەرانی ڕۆژئاوا لە ھەولێر، پێشنیاركرا كە سەنتەری رۆشنبیری و پیشەیی بكرێتەوە بۆ كۆكردنەوەی گەنجان و پێشخستنی تواناكانیان، ٢٥/٨/٢٠١٣ یەكەم كۆبوونەوە كرا و دەستەیەك دانرا بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەری نورەدین زازا لە کەمپی کەورگۆسک، لە ٧/١١/٢٠١٣ بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی بە گەرمی کرایەوە و یەکەم بەرپرسی سەنتەری بەناوی (دلبرین یوسف) هەڵبژێردرا و لەم سەنتەرەدا خول و راهێنانی جۆراوجۆری پیشەیی و هونەری و پێشبڕکێی وێنەکێشان و تابلۆ و یارییە فلکلۆرییەکان دەستی پێکرد.

سەنتەری عوسمان سەبری – قوشتەپە
دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لە ناو هونەرمەند و رۆشنبیرانی پەنابەرانی کەمپی قوشتەپە لە ٢١/٩/٢٠١٣ سەنتەری عوسمان سەبری دامەزرا و یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا بەڕێز (مەحمود مشۆ) وەک بەڕێوەبەری سەنتەر دەستنیشانکرا لە ٣/١٢/٢٠١٣ لە مەراسیمێکدا ئاهەنگی بە فەرمی کردنەوەی سەنتەرەکە ئەنجامدرا و دەستی بە کار و چالاکییە هونەری و پیشەییەکانی کرد.

سەنتەری قەدری جان- دارەشەکران
ئەم سەنتەرە دەکەوێتە ناو کەمپی دارەشراکی تایبەت بە پەنابەرانی سوریا لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە ژمارەیەکی زۆر پەنابەری لە خۆگرتووە و لە رێککەوتی (١/١٢/٢٠١٣) لە ناو کەمپەکە سەنتەرێک بە ناوی شاعیری گەورە (قەدری جان) کرایەوە و دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest