تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابەشكردنی هاوكارییەكان بە سەر ئاوارەكانی ڕۆژئاوا بەردەوامن و كاروانی دووەمی هاوكارییەكانیش بەسەر زیالێكەوتووان لە گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب دابەش دەكرێن.
تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابەشكردنی هاوكارییەكان بە سەر ئاوارەكانی ڕۆژئاوا لە شارەكانی(قامشلۆ، دێرك، گركێلەكێ، تربەسپی، عامودا و دێربێسیێ) بەردەوامن و كاروانی دووەمی هاوكارییەكانیش لە ڕێكەوتی 1ی شوبات بەسەر زیالێكەوتووان لە گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب دابەش دەكرێن.
تا بەرەبەیانی 1/2/2026 ئاماری هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و حەلەب بەمجۆرە بوون:
307 بارهەڵگر هاوكاريی خۆراكی و ناخۆراكی و پزیشكی و سووتەمەنی بە ڕۆژئاوای كوردستان گەیشتوون.
8،437 خێزان لە هاوكاريیەكان سوودمەند بوون. كە لە 201 قوتابخانە و 15 مزگەوت نیشتەجێ كراون.
7،909 خێزان لە 285،582 لیتر سووتەمەنی سوودمەند بوون كە لە 209 قوتابخانە و 12 مزگەوت دابەش كراون.
43،226 ژەمە خۆراكی گەرم لە 187 قوتابخانە و 12 مزگەوت دابەش كراون.
4،470 كەس لە 58 قوتابخانە چارەسەری پزیشكییان بۆ كراوە.
564 هەلی كار ڕەخسێنراون.
تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە زیاتر لە 150 کارمەندی گشت نووسینگەكانی دەزگا پێکهاتوون، لە ڕووی خوراكی و تەندروستی و لۆجیستی و مەیدانییەوە خزمەت بە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای كوردستان دەکەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و دروستبوونی بارودۆخێكی ئاڵۆز و نالەبار و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ كۆكردنەوەی هاوكارييە مرۆییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێكرد. دابەشكردنی هاوكارییەكانیش لە لایەن تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە شێوەكی چڕ و پڕ بەردەوامن و ڕۆژانە لە بواری جیاواز خزمەتگوزاری و هاوكارییەكان بە ئاوارەكان پێشكەش دەكرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوای هەوڵێكی زۆر توانی ڕەزامەندیی وەزارەتی دەرەوەی سووریا بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان بە شاری حەلەب وەربگرێت و ئەمڕۆ ڕێكەوتی 1/2/2026 كاروانی دووەمی هاوكارییەكان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەب دابەش دەكرێن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جگە لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان، دەبێتە پردێکی بەهێز لە نێوان خەڵكی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بتوانێت لە ڕۆژئاوای کوردستان خزمەتی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو بکات.
كەمپینەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پاڵپشتیی بەخشەران بە هەموو چین و توێژەكانەوە، لە ئاستێكی بەرفراوان بەڕێوە چوون. هەروەها كەمپینی ڕەنجی ڕووداو كە هاوكارییەكی گەورە و بەرچاو بوو، ڕادەستی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كران و بەسەر خەڵكی ئاوارە و زیانبەركەوتوو لە ڕۆژئاوا دابەش كران.
ئا: سالار بابەشێخ



























