لە دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ٤٢٩ پەنابەری رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی بەردەڕەش گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی سوریا.
بەڕێز بێوار کەریم بەڕێوەبەری کەمپی بەردەڕەش سەبارەت بە هۆکاری گەڕانەوەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان بۆ وڵاتی سوریا گوتی: پەنابەرەکان بەهۆکاگەلی جیاواز دەگەڕێنەوە بۆ سوریا، بەشێکیان بەهۆی ئەوەی کە قوتابین و بەمەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکنیان گەڕاونەتەوە و بەشێکی دیکەشیان گەڕاونەتەوە سەر زەوی و زارەکانیان و بەو پێیەی ئێستا وەرزی دروێنەیە و لە هەندێک ناوچەشدا کە شەر رووی نەداوە ماڵ و حاڵی دانیشتوانەکەی تێکنەچووە پەنابەرەکان گەڕاونەتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان”.
جێگای ئاماژەیە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ەوە هەتاکوو ١ی مارچی ٢٠٢٠ (پێش قەدەغەی هاتووچۆ) ٨٥٠ پەنابەری رۆژئاوای کوردستان گەڕابوونەوە وڵاتی سوریا و پاشانیش ٤٢٩ کەسی دیکە رۆشتوونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، لە رۆژانی داهاتووشدا گەڕانەوەی پەنابەران بە هۆکار گەلی جیاواز بەردەوام دەبێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرەتای دەستپێکی شەپۆلی دووەمی هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای کورستان لە دوو خاڵی سنووری نزیک سحێلا پێشوازیی لە پەنابەران کرد و خواردنی گەرم و پێداویستی سەرەتایی پێشکەشی پەنابەرە تازەکان دەکرد کە بە رێگای نایاسایی پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنا. دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێستا بەڕێوەبەری ٥ کەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستانی لە هەرێمی کوردستان بە دەستەوەیە.