ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی14\4\2025 هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە پوختی باسی لە کار و چالاکییەکانی لە ماوەی ڕابردوو کرد، كە پێشکەش بە هاووڵاتیان و خەڵکی پێویست، لە هەژار و کەمدەرامەت و ئاوارە و پەنابەران، لەهەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان کراوە.
لای خۆیەوە، هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندییە ستراتیژییەکان، کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەوپەڕی گرنگی و گەورەیی وەسف کرد و ڕایگەیاند، ئەوەی دەزگاکە کردوویەتی، دەکرێت وەکو ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان دابنرێت، بە پێویستیشی زانی کارێکی وا بکرێت، ئەو ئەزموونە بگوازرێتەوە و لەسەر ئاستی ڕێکخراو و دامەزراوە جیهانییەکان چاوی لێبکرێت.








