خوازیارانی چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشنیاز و ڕاوبۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو

بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب، لە هەولێری پایتەخت كرایەوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە كۆمەڵێك كتێبی نایابەوە بەشداری تێدا كردووە. خوازیارانی چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم پیشانگەیە پێشنیاز و ڕاوبۆچوونی تایبەت بە خۆیان هەیە.
لە پێشانگاکە(K19) وەك شوێنی ناساندن و فرۆشتنی پەرتووك و چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستنیشان كراوە. لە ڕووماڵی كارێكی مەیدانی لەو شوێنە بۆ سۆشیال میدیای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە لە هەموو چین و توێژەكان سەردانی دەكەن، ڕای چەند هاووڵاتییەکمان وەرگرت.
“پێشەكی دەستخۆشیتان لێدەكەم سەبارەت بە كردنەوەی ئەو جۆرە پیشانگەیە بەسوودانە بۆ هەموو چینەكانی كۆمەڵگە، بەتایبەتی چینی گەنجان. من هەموو ساڵێك سەردانی پیشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب دەكەم، هیوادارم هەموو گەنجێك سەردانی ئەم شوێنانە بكەن بۆ زیاتر ئاشنابوون بە هەموو بوارەكانی ژیان لە ڕابردوو و ئێستادا”. ئەوە وتەكانی ئارا ئەمین بوو.
ئەو گەنجێكی تەمەنی 17 ساڵانە، پۆلی 11ی زانستییە و دانیشتووی هەولێرە، سەبارەت بە بەرهەمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەو پیشانگەیە دەڵێت: “بیرەوەریی سەرۆك بارزانی زۆر جیاوازە، مێژووێكە لە خەبات و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و قوربانیدان، بۆیە هەموو كەسێك پێویستە ئەو بیرەوەرییانە بخوێنێتەوە”.
ئارام عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ، فەرمانبەرە و یەكێكە لەو هەزاران هاووڵاتییەی كە سەردانی شوێنی ناساندن و فرۆشتنی پەرتووك و چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پێشانگەكە كردووە و دەڵێت: “ناونیشانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەم شوێنە، سەرنجی ڕاكێشام، دەشزانم ئەم دەزگایە هەر چالاكییەك بكات، تەنانەت فرۆشتنی كتێبیش سوودەكەی بۆ كاری خێرخوازییە”. گوتیشی:”كتێبەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی مێژووێكی زۆر بە بایەخ و پڕ لە ڕاستگۆیین، بەتایبەتی كە باب و باپیریشم لەو شۆڕشە بەشداربوون و بۆ خۆیشمان زەرەرمەندی ئەو سیاسەتەی بەعس و كوردكوژان بووین، بۆیە كە دەیانخوێنمەوە، زیاتر تێكەڵ بە ڕۆحی ئەو خەبات و قوربانیدانە دەبم”.
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە “توانای فەرمانبەران بۆ كڕینی كتێب زۆر نییە، ئەگەر داشكانی زیاتریان بۆ بكرێت، كارێكی باشە”، پێشنیازیش دەكات “ئەوەی توانای هەیە، دەتوانێت ئەو دەرفەتە بۆ بەخشین و خێرخوازیی بقۆزێتەوە و کتێب بکڕێت، ئەگەر توانای هەبێت لە نرخی خۆی زیاتریش بدات، چونكە قازانجی فرۆشتنی کتێب و بەرهەمەکان دەگەڕێتەوە ناو پرۆژە و کارە خێرخوازییەکان”.
نیان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی باڵای وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كورستان لە 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات كە “دەزگای مەدا” بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كورستان،17یەمین پێشانگەی لە هەولێر بۆ کتێب رێکخستووە، كە ئەم چالاكییە لە ساڵی 2006 دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بۆ ئەمجارەش 350 چاپخانە لە 22 وڵات بەشدارییان كردووە.
ئەو ئەندامەی دەستەی باڵا لە پیشانگەكە، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا سەبارەت بە چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی: “دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەر بوارێكدا چالاكی بكات، دەزگایەكی قازانجنەویستە و تەنانەت ئەگەر كاری بازرگانییش بكات، تەنیا خەڵكی نیازمەند و لێقەوماو لێی سوودمەند دەبن. ئەم دەزگایە بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و كاریی مرۆیی سنوورەكانی تێپەڕاندووە و لە ناوچەكە و چەندین وڵاتی جیهان كاری بەرچاوی لە سێكتەری جیاوازدا ئەنجام داوە، بەتایبەتی بۆ خزمەتكردنی ئاوارە و پەنابەران، بێسەرپەرشتان و خەڵكی هەژار لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان كاری زۆر باشیان كردووە”. گوتیشی: “كتێبەكانی سەرۆك بارزانی و چاپەمەنییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیشك دەخەنە سەر مێژووی كورد و بەرچاوڕوونییەكی تەواو بە خوێنەر دەبەخشن”.
سەبارەت بە دروشمی پیشانگەكەش(جیهان بە كوردی دەدوێت)، باسی ئەوەی كرد كە “كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەتایبەتی لە بواری ئاشتەوایی و پێكەوەژیان ناوبانگێكی باشی هەیە و لە ئێستادا گووگڵ و زۆر سەرچاوەی دیكەی جیهانی بایەخی زۆر بە زمانی كوردی دەدەن”.
بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب، لە ڕێكەوتی 9\4\2025 لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پارکی(سامی عەبدولڕەحمان) لە هەولێری پایتەخت كرایەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە كۆمەڵێك كتێبی نایابەوە بەشداری تێدا كردووە، ئەم پێشانگەیە كە ژمارەیەکی بەرچاوی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی و بیانی تێیدا بەشدار دەبن، تا ڕێكەوتی 19\4\2025 لە كاتژمێر 10ی بەیانی تا 8ی شەو بەردەوام دەبێت.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest