دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوخەمی ئاڕاستەی كۆنسوڵگەری وڵاتی چین دەكات

بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بەرانبەر بڵأوبوونەوەو تووشبوون و گیانلەدەستانی هاووڵاتیانی چینی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی كۆنسوڵگەری وڵاتی چینی میلی لە شاری هەولێر دەكەن.

رێككەوتی 2/3/2020 بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی دانیشتوانی وڵاتی چین و هەروەها هەوڵەكانی ئەو وڵاتە بۆ بەرگرتن لە تەشەنە نەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاوكات دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیان، شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەسەرۆكایەتی كاررزان نوری بەرپرسی بەشی پرۆگرام و پەیوەندییەكان سەردانی كونسوڵگەری وڵاتی چینی میلی لە شاری هەولێر دەكەن و لەلایەن بەڕێز (نی روچی) كۆنسوڵی گشتی ئەو وڵاتەوە پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا.

لەدیداری هەردوولادا شاندی دەزگا، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاڕاستەی كونسوڵگەری كرد و پاڵپشتی دەزگای بۆ وڵاتی چین دەربڕی و هیوای خواست بەزووترین كات ئەم نەخۆشییە چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوەو مرۆڤایەتی پارێزراوتربێت.

لەبەرانبەردا كۆنسوڵی گشتی وڵاتی چین سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد بۆ پاڵپشتییەكانیان و ئەوەشی راگەیاند، خۆشبەختانە لە ئێستادا رێژەی تووشبووان بەم ڤایرۆسە لەكەمبوونەوەدایەو ئامادەكاری تەواوكراوە لەوڵاتەكەیان بۆ بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكەو ئامادەیی تەواوی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لەپێناو رێگریكردن و خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest