هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە و رۆژانە نزیکەی ١٠٠ کەس بە رێگای نا یاسایی روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئاڵۆزییەکان لە وڵاتی سوریا پەرە دەستێنێت و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئاوارەبوون و زیادبوونی رێژەی هاتنی پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی مانگێکدا رێژەی هاتنی پەنابەرانی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان لە سەدا ١٦ زیادی کردووە. لە مانگی یەکی ئەم ساڵدا ١٢٠٠ پەنابەری نوێ روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و لە مانگی دوودا رێژەکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و ١٤١٢ کەس گەیشتوونەتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژانە ژمارەی هاتنی پەنابەرانی نوێ لە هەڵکشاندایە و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی لە سوریا، ژمارەیەکی زۆرتر پەنابەر هەوڵ بدەن لە رێگەی نایاساییەوە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
سێهەمین شەپۆلی هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی ١٤ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە دەستی پێکردووە و هەتاکوو کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵ ٢١،٤٦٠ کەس لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون.