دەزگای خێرخوازیی بارزانی یادی ڕۆژی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان دەكاتەوە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان لە گشت نووسینگەكانی ڕێوڕەسمێكی تایبەتی بەڕێوەبرد.

20ی ئایاری هەموو ساڵێک وەك ڕۆژی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان دەستنیشان كراوە. ئەم ڕۆژە تایبەتە بە ددانپێدانان و بەرز نرخاندنی ڕۆڵی ئەو کەسانەی لە سەرچاوە مرۆییەکان کار دەکەن. ئامانجی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان، دەربڕینی پێزانینە بۆ کارمەندانی سەرچاوە مرۆییەکان لە بەرەوپێشەوەبردنی کەلتووری شوێنی کارکردن، پەرەپێدانی کارمەندان و سەرکەوتنی ڕێکخراوەیی، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەبارەی گرنگیی ستراتیژیی سەرچاوە مرۆییەکان لە بوارەکانی (بەڕێوەبرنی بەهرەکان، سەلامەتی، گشتگیری، داهێنان). هاندان بۆ پەیڕەوکردنی باشترین سیاسەتەکان، وەک سەرکردایەتییەکی ڕەوشتی، دامەزراندنی دادپەروەرانە و سیاسەتی “کارمەند ناوەندی هێزە”.
بۆ ئەمساڵ(2025) لە ژێر ناونیشانی “بەمرۆییکردنی زیرەکیی دەستکرد: پێشڕەویکردنی گۆڕانکاری بەیەکەوە” یادی ڕۆژی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان كرایەوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی سەرچاوە مرۆییەکان، لە گشت نووسینگەكانی ڕێوڕەسمێكی تایبەتی بەڕێوەبرد و كۆمەڵێك چالاكیی ئەنجام دران. لەوانە: برووسكەی پیرۆزبایی موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەموو كارمەندانی دەزگا پێشكەش كران. لە سەرۆكایەتیی دەزگا و لە نووسینگەكانی دهۆك، سلێمانی، كەركووك، گەرمیان، شنگال ئاهەنگیان گێڕا. ڕاپۆرتی سەرچاوە مرۆییەکانی دەزگا بە شێوەی وۆركشۆپ پێشكەش كران. لە هەندێ لە نووسینگەكان كێبڕكێی دروستكردنی خواردن ئەنجام درا و براوەكان خەڵات كران.

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest