شڤان پەروەر بە “چەکی هونەر” ڕووبەڕووی تیرۆری سپی دەبێتەوە

هونەرمەندی ناودار و ڕەسەنی کورد، شڤان پەروەر، بە فەرمی پەیوەندی بە هەڵمەتی نیشتمانیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرد و پشتیوانی بێمەرجی خۆی بۆ ئەم پڕۆژە مرۆیی و نەتەوەییە ڕاگەیاند.

ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستی پێکردووە، ماوەی ساڵێکە بەردەوامە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ساڵی ٢٠٢٥ دەیان چالاکیی جۆراوجۆری وەک کۆڕ، سیمینار و وۆرک شۆپی هۆشیاری لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن، کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران و بەتایبەتی بۆ مامۆستایانی ئایینی ڕێکخستووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە یەکخستنی هەموو چین و توێژەکانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارەی کە بە “تیرۆری سپی” ناسراوە.

ئێستا هونەرمەندانی کوردیش وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، بەشدارێکی کاریگەری ئەم هەڵمەتەن. ئامانجی ئەوان ئەوەیە لە ڕێگەی هونەر (دەنگ و مۆسیقا) ڕۆڵێکی بەرچاو لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان و پاراستنی خێزانەکان لە مەترسیی ئالوودەبوون بگێڕن.

هونەرمەندی مەزنی کورد، شڤان پەروەر، بە دەنگە زوڵاڵ و ڕەسەنەکەی و بە سازەکەی دەستی، چەندین چالاکیی تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجام داوە. ئەو بە “چەکی هونەر” بەگژ دیاردەی ئالوودەبوون و بازرگانانی تیرۆری سپیدا دەچێتەوە و دەڵێت:

“بە دڵ و گیان پشتیوانی لە هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەکەم.”

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest