زیاتر لە 135 هەزار کەس لە پڕۆژەکانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی لە جەژنی قوربانی پیرۆز سوودمەند بوون

لە چوارچێوەی هەوڵە مرۆییە بەردەوامەکانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە هەژار و کەمداهاتەكان و بە مەبەستی گەیاندنی دەستی هاوکاری و بەخشین لە ڕۆژانی جەژندا، پڕۆژەکانی جەژنی قوربانی پیرۆزی ساڵی 2026 لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە هاوکاری و سپۆنسەری بەخشەران، بە سەرکەوتوویی و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ کران.

ئەم کەمپینە نیشتمانییە بەرفراوانە کە بە چاودێری و پلانی وردی تیمە مەیدانییەکانی دەزگا بەڕێوەچوو، توانی سیمایەکی گەش و پڕ لە هاوسۆزی پێشکەش بکات. لەم کەمپینە مرۆییەدا، بە تێکڕا شەش پڕۆژەی ستراتیژی و جیاواز لە دوو سێکتەری سەرەکیدا ئەنجام دران، کە تێیدا 26,570 خێزان و 135,832 کەس لە خۆشییەکانی جەژن بەشدار کران و هاوکارییە جۆراوجۆرەکانیان پێگەیشت.

سێکتەری یەکەم: ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان

ئەم سێکتەرە وەک هەمیشە گەورەترین و سەرەکیترین بەشی هاوکارییەکانی کەمپینەکەی بەردەکەوێت، کە ئامانجی ڕاستەوخۆی دابینکردنی سەقامگیریی خۆراکی و پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکان بوو لە ڕۆژانی جەژندا. دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پاڵپشتیی دارایی سپۆنسەرە دڵسۆزەکان، لەم سێکتەرە گرنگەدا کۆی گشتی 26,570 خێزان (کە بە وردی دەکاتە 135,507 کەس) لەم هاوکارییانە سوودمەند کرد، کە بەسەر سێ پڕۆژەی سەرەکیدا دابەش بوون:

پڕۆژەی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی جەژن: ئەم پڕۆژەیە بە گەورەترین و بەرفراوانترین قۆناغی کەمپینەکە دادەنرێت، کە تێیدا توانرا بە شێوازێکی ڕێکخراو سەبەتەی خۆراکی دەوڵەمەند بە ماددە سەرەکییەکان بگەیەنرێتە دەست 13,270 خێزان، کە بە گشتی 67,677 کەس لەم هاوکارییە ڕاستەوخۆیە بەهرەمەند بوون.

پڕۆژەی دابەشکردنی ئارد: بەهۆی گرنگیی ئەم ماددە سەرەکییە لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکاندا، پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ دابەشکردنی ئارد جێبەجێ کرا، کە تێیدا بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی 6,800 خێزان (کە دەکاتە 34,680 کەس) سووک کرا.

پڕۆژەی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی: هاوشانی نەریتی پیرۆزی جەژنی قوربان، تیمە مەیدانییەکان لە یەکەم ڕۆژانی جەژندا دەستیان بە دابەشکردنی گۆشتی قوربانی کرد بەسەر خێزانەکاندا، کە تێیدا 6,500 خێزان (کە دەکاتە 33,150 کەس) سوودمەند بوون و خۆشیی جەژنیان پێبەخشرا.

سێکتەری دووەم: کەلوپەلی ناخۆراکی (NFI) و دابینکردنی جلوبه‌رگی جەژن بۆ ئازیزان

لەم سێکتەرەدا، کەمپینەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زیاتر لایەنی مرۆیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بەسەرکردەوە، کە تایبەت بوو بە کڕین و دابینکردنی جلوبەرگی نوێی جەژن بۆ منداڵان، بێسەرپەرشتان و ئازیزانی نیشتەجێی ناوچە جیاوازەکان. ئامانجی ئەم هەنگاوە هاوبەشەی دەزگا و سپۆنسەران، تەنیا دابینکردنی پێداویستی نەبوو، بەڵکو چاندنی دڵخۆشی بوو لە دڵی ئەم توێژەدا لە ڕۆژانی جەژندا. لەم سێکتەرەدا کۆی گشتی 325 کەس سوودمەند بوون، کە بەپێی جوگرافیای ناوچەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بەڕێوەچوو:

 

جلوبەرگی جەژن بۆ ئازیزانی پارێزگای نەینەوا: پڕۆژەکە بە شێوازێکی بەرفراوان کڕینی جلوبەرگی شایستە و نوێی بۆ 220 کەس لەم پارێزگایە لەخۆگرت و خۆشی خرایە ناو ماڵەکانیان.

جلوبەرگی جەژن بۆ ئازیزانی پارێزگای هەڵەبجە: لەم پڕۆژە مرۆییەدا، بە سەرکەوتوویی پێداویستی جلوبەرگی جەژن بۆ 90 کەس لە ئازیزانی ئەم شارە دابین کرا.

جلوبەرگی جەژن بۆ ئازیزانی پارێزگای هەولێر: لێرەشدا پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکا و توانرا جلوبەرگی نوێ بۆ 15 کەس لە ئازیزانی شارەکە دابین بکرێت.

ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی پڕۆژەکانی جەژنی قوربانی پیرۆزی ساڵی 2026، بە پلەی یەکەم بۆ پشتیوانیی بەردەوام و بێدریغی سپۆنسەران و بەخشەرە خێرخوازەکان و پاشان بۆ دڵسۆزی، شەونخونی و ماندووبوونی بێپچڕانی تیمە جێبەجێکارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە مەیداندا دەگەڕێتەوە. سەرەڕای بەربەستە لۆجیستییەکان، تەواوی ئەم پڕۆژانە لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا و پێش کۆتاییهاتنی ڕۆژانی جەژن گەیشتنە جێگەی مەبەست. ئەم پڕۆژانه‌ نیشانی دایەوە کە هاوکاری و هاوبەشیی نێوان دەزگا و سپۆنسەرە مرۆییەکان دەتوانێت جیاوازیی ڕاستەقینە دروست بکات و ببێتە یارمەتیدەرێکی گەورە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەرشانی هەزاران خێزان و چاندنی هیوایەکی نوێ لە کۆمەڵگەدا.

ئا: سالار بابەشێخ

Facebook
Email
Twitter
LinkedIn
Pinterest